ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی باندێکی بازرگانیکردن بە شوێنەواری راگەیاند (ڤیدیۆ)

ئاسایشی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" بەمەبەستی رێگریکردن لە کڕین و فرۆشتن و مامەڵەکردن به هەرجۆرە شوێنەوارێکی مێژویی و بەنرخ، توانرا باندێکی دزینی شوێنەوار دەستگیربکرێت و دەست بگیرێت بەسەر دوو پەرتوکی کۆنی بەنرخدا". 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەراگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە بڵاویکردەوە، لە درێژەی کارو چالاکیەکانی هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لە ڕۆژی 17ی ئەم مانگە پاش کۆکردنەوەی زانیاری و  بەدواداچون و  دانانی بەرنامەیەکی وردو وەرگرتنی فەرمانی دادوەر،  توانیان باندێکی پێنج کەسی دزینی شوێنەوار دەستگیربکەن بەناوەکانی ( ٲ، ٲ، ٲ) لەدایک بوی ساڵی 1977 دیالە عەرەب، (ھ، ڕ، ڕ) لەدایک بوی ساڵی 1986 سلێمانی، (ڕ، ڕ، م) لەدایکبوی ساڵی 1965 سلێمانی، (ک، ف، م ) لەدایکبوی ساڵی 1981 هەولێر ، (ٲ، ک، ع) لەدایکبوی ساڵی 1981 سلێمانی.

ئاماژەی بەوەشکردوە" ئەو کەسانە بەتۆمەتی دزین و مامەڵەکردن بەدو پەرتوکی  کۆنەوە، کە مێژوە کەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا و نرخەکەیان دەیان هەزار دۆلارە، پەرتوکەکان تایبەتن بە هەردو ئاینی (جولەکە و مەسیحی)  بەناوەکانی (تەورات + ئینجیل )  لەسەرپێست و بە ئاوی ئاڵتون نوسراون". 

لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی باسی لەوەشکردوە، تۆمەتباران لە خواروی عێراقەوە پەرتوکەکانیان هێناوەتە ناو شاری سلێمانی، ویستویانە ڕەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی بکەن، سەرجەم باندەکە بەپێی ماددەی ( 60)ی شوێنەوار دەستگیرکراون، دەست بەسەر پەرتوکەکاندا گیراوە، لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامه.


AM:11:40:28/06/2021