کۆبوونەوەی پەرلەمان دوای ١٨ کاتژمێر کۆتایی هات
ئۆپۆزسیۆن: کۆبوونەوەیەکی بێ ئەنجام بوو


دوای ١٨ کاتژمێر لە گفتوگۆی پەرلەمان لەسەر باری ئابوری و هەرێم و مووچە، لە کۆتاییدا بە پێشنیارێکی سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هات، پەرلەمانتاری دیاری ئۆپۆزسیۆن دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند" کۆبوونەوەیەک بوو هیچ ئەنجامێکی نەبوو".
  
ئەو کۆبوونەوەیە کە تایبەت بوو بە مووچەو ماوەیەکی درێژ بوو پەرلەمانتاران چاوەڕوانیان دەکرد، کۆتاییەکەی کە دوای چواری بەرەبەیان بوو، بە پێشنیاری سەرۆکەکەی کۆتایی هات کە پێشنیاری کرد لیژنەکانی دارایی، یاسایی و وزە و سامانەسرووشتییەکان لەلایەن پەرلەمانەوە رابسپێردرێن بۆ پوختەکردنی داواکارییەکانی پەرلەمان بۆ حکومەت، ئەم داوایەش لەلایەن پەرلەمانتارانەوە بە کۆی ٦٩ دەنگ یەکلایی کرایەوە.

ئەبوبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتاری دیاری ئۆپزسیۆن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی نەبوو تەنها هەر قسە بوو، هەروەها هیچ بڕیارێکی پێ دەرنەکرا لە بارەی لێبرێنی مووچە.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی " ئەم کۆبوونەوەیە بۆیە درێژەی کێشە چونکە بابەتەکە لە لێبڕینی مووچەوە کرا بە کۆبوونەوەی شەش پرس، لەوانە چۆنێتی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، هۆکاری جێبەجێنەبوونی یاسای چاکسازی، یاسای بودجەی عێراق، کەموکوڕی خاڵە سنورییەکان، داهاتی ناوخۆ داهاتی نەوت، دەکرا کۆبوونەوەکە تایبەت بوایە بە لێبڕینی مووچە". 

هەروەها وتی " ئەم حکومەتە ئیرادەی چاکسازی نییە"، لەبارەی بێزاری خەڵکەوە وتی" گەنج هەیە لە گەرمیان تاکە کەسی دەرچووی ئەنفالە، بەڵام وێنەی پرۆفایەلەکەی کردووە بە رەسمی سەدام حسێن ی گٶڕبەگۆڕ، لەبەرئەوەی ئەمەندە لە حکومەتە بێزارە".

هەڵەدنی دەلێت" وەزارەتی دارایی هەرێم، وەزارەتی پارە کۆکردنەوەیە، نەک وەزارەتی دارایی، وەزیری دارایی بۆ راستییەکان ناڵێت، کێ رێگرە لە نەوتنی راستییەکان.

ژمارەیەک پەرلەمانتاری دی ئۆپۆزسیۆن دوای کۆبوونەوەکە رایانگەیاند کە کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی نەبووە و هیچ بڕیارێکی دەربارەی لێبڕینی مووچە دەرنەکردووەو، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو کۆبوونەوەیە هیچ گۆڕانکاری لەسەر ژیانی خەڵک دروستنەکردووە و نایکات.



AM:09:00:29/06/2021