تائێستا بەرپرسی ئاسایشی چەمچەماڵ دەست بەسەرە

لەپاش كۆنتڕۆڵكردنی شاری كەركوك لەلایەن هێزی پێشمەرگەوەو دروستبوونی كێشە لەسەر هێنانی چەك بۆ هەردوو پارێزگای هەولێرو سلێمانی، تائێستا بەڕێوەبەری ئاسایشی چەمچەماڵ عەمید جەودەت محەمەد ساڵح كە نەیهێشتبوو چەك بهێنرێتە سلێمانی، دەست بەسەرە.
سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان سۆران عومەر لەلێدوانێكی تایبەتدا بە سپی میدیای راگەیاند "ئەفسەری ناوبراو لە ئاسایشی سلێمانی بەپێی یاسای سزای هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە 14ی ساڵی 2008 ماددەی 364 لەیاسای سزادانی عێراقی، دەست بەسەرە".
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەكرد كە لیژنەكەیان نامەیەكی لەلایەن دۆستێكی ئەو ئەفسەرە دەستبەسەركراوەوە پێگەیشتووە كە داوایان لێدەكات پەرلەمان بەدوای ئەو كەیسەدا بچن‌و "گیانی جەودەت محەمەد لەزینداندا بپارێزن".
ئەو ئەفسەرە كە بەرپرسی ئاسایشی چەمچەماڵ بووە، هەفتەیەك لەمەوبەر لەسەر ئاودیو كردنی چەكە گیراوەكانی سوپای عێراق بۆناو سلێمانی، بەهۆی رێگریكردنیەوە لەو دیاردەیە توشی كێشەبوەو دواتر بووە بە دەمەقاڵێی لەگەڵ د.خەسرەو گوڵ محەمەد جێگری راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم‌و لەوكاتەوە دەست بەسەرە.



AM:11:57:29/06/2014