وته‌بێژی فراكسیۆنی یه‌كێتی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به دووری ده‌زانێت 200 ملیار دیناره‌كه له به‌غداوه ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێت، به‌و پێیه‌ی لەچوارچێوەی یاسای بودجەدا نییەو رێككه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌كراوه.
به‌ختیار شاوه‌یس، وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق سەبارەت بە چارەنوسی ئەو بڕە پارەیەی بەغداد بەنیازبوو بینرێت بۆ هەرێم (دوو سەد ملیار دینارەکە) بۆ دەنگی ئەمریکا وتی: "له راستیدا ئه‌م 200 ملیاره چاره‌نووسی دیار نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی کاتی خۆی له کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له ڕۆژی 16ی حوزه‌یران بڕیاری له‌سه‌ر درابوو خودی وه‌زیری دارایی له‌ناو کۆبوونه‌وه‌که‌دا ده‌نگی له‌سه‌ر نه‌دابوو، بەپێی یاسا پێویسته وه‌زیری دارایی واژۆ بکات له‌سه‌ر ته‌مویل کردنی پاره بۆ هه‌رێم یان بۆ هه‌ر پارێزگایه‌کی عیراق، دوێنێش کۆیوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بووه به‌هه‌مان شێوه له کۆبوونه‌وه‌که رێگری کردووه و رازی نه‌بووه له‌سه‌رئه‌وه‌ی که ئه‌و بڕه پاره‌یه بنێردرێت ئایا وه‌ك سلفه‌یه یان وه‌ک هه‌ر شتێکی تره".
د. بەختیار شاوەیس روونیکردەوە کە بۆچی وەزیری دارایی عیراقی رازی نیە لەسەر ناردنی بڕە پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان، لەو رووەوە وتی: "له‌به‌رئه‌وه‌ی رازی نییه پێش هه‌موو شتێک ئه‌مه شتێکی یاسایی نییه، له هه‌مانکاتدا رێککه‌وتنیش نه‌کراوه له‌نێوان هه‌ردوولادا واته رێککه‌وتنی نێوان هه‌ردوو حکومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا نییه و به په‌یوه‌ندیه‌کی ته‌له‌فونی ئه‌م ئیشه کراوه، کازمی ویستویه‌تی که هاوکاریه‌کی هه‌رێمی کوردستان بکات، تا جۆرێک له ئاسایی بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان هه‌بێت له‌به‌ر دۆخی هه‌ڵبژاردن به‌ڵام وه‌زیری دارایی که به‌رپرسه و ئه‌و ته‌نها ده‌توانێت پاره‌که ره‌وانه بکات له‌وه ده‌ترسێت که واژۆی بکات و دواجار رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یاسایی ببێته‌وه، لیژنه‌ی نه‌زاهه له په‌رله‌مان هه‌روه‌ها لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مان به‌ڕوونی هه‌ر یه‌که‌م رۆژ وتیان وه‌زیری دارایی ناتوانێت له ده‌ره‌وه‌ی یاسای بودجه ئه‌مه بکات، ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی عیراقیش هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان کردووه له وه‌زیری دارایی ئه‌گه‌ر شتێکی له‌و بابه‌ته بکات ئه‌وا مه‌له‌فی له‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه و ره‌وانه‌ی قه‌زای ده‌که‌ن".
ئەی دەتوانن لێپێچینەوە لەگەڵ کازمی بکەن وەک باسکرا خۆی واژۆی لەسەر ناردنی بەشە پارەکەی هەرێم داوە؟ لە وەڵامدا بەختیار شاوەیس وتی: "ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بکرێت، ده‌توانن به‌ڵام با کازمی واژۆشی له‌سه‌ر بکات و ده‌نگی داوه له کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌ڵام به‌پێی یاسای ئیداره‌ی دارایی یه‌ک که‌س بۆی هه‌یه پاره‌که بنێرێت به‌شێوه‌یه‌کی کرداری ئه‌ویش وه‌زیری داراییه، وه‌زیری دارایی‌ش ناتوانێت و ناوێرێت خۆی بخاته به‌رده‌م ئه‌م به‌رپرسیارێتییه‌وه".
ئاماژەت بەوەکرد، ئەگەر حکومەتی هەرێم بڕگەکانی رێککەوتنەکانی جێبەجێ کرد دواتر حکومەتی عیراقی پابەند نەبوو بەجێبەجێ کردنی ئەوا وەک پەرلەمانتارە کوردەکان سکاڵا لەسەر حکومەتی عیراقی تۆمار دەکەن ئەی پەرلەمانتارە عیراقیەکان چی بۆ پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێم تۆمار ناکەن؟
بەختیار شاوەیس وتی: "ئه‌وان تائێستا ئه‌و مه‌له‌فه‌یان نه‌جوڵاندووه سه‌باره‌ت به پابه‌ندنه‌بوونی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چونکه من پێموایه خۆیان ده‌زانن که قازانجیانه له‌وه‌ی که حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پابه‌ند نه‌بێت به‌و یاسایه‌وه، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌کاتی خۆیدا زیاتر مه‌به‌ستی ئه‌وه بووه که مه‌سه‌له‌ی فرۆشتنی نه‌وت له‌ڕێگه‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌وه بخاته ناو یاساکه‌وه واته شه‌رعیه‌ت بدات به فرۆشتنی نه‌وت که له یاساکه‌دا هه‌یه به‌ڵام بڕگه‌کانی تر که په‌یوه‌ندی به‌هاتنی پاره‌وه هه‌یه بۆ هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌تا تائێستا جێبه‌جێی نه‌کردووه".
وتەبێژی فەرمی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناردنی 200 ملیار دینار لەلایەن عیراقەوە بۆ هەرێم بە ئەجێندای حزبی لە قەڵەمدا، لەو رووەوە وتی: "من پێموایه به‌شێکی زۆریان بابڵێین ئه‌جێندای حزبییه، هه‌ندێکیان له رێگه‌ی سیاسه‌تی حزبه‌که‌یانه‌وه ئه‌مانه بڵاوده‌که‌نه‌وه ئه‌گه‌رنا نوێنه‌ری کورد ده‌بێت حه‌ق و راستگۆ بێت و ئه‌وه‌ی که هه‌یه بیڵێت له به‌رژوه‌ندی خه‌ڵک بێت، من هه‌ر یه‌که‌م رۆژی هەواڵی ناردنی ئه‌م 200 ملیاره ته‌ئکیدم له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه وتم من ناڵێم پاره‌که نایه‌ت به‌ڵام ئه‌م رێگریانه‌شی هه‌یه یه‌که‌م وه‌زیری دارایی که قورسه به‌لایه‌وه واژۆی بکات چونکه دادگای لێ ده‌گرن، دووه‌م یاسای قه‌رز که له کۆتایی ساڵی پار ده‌رچوو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه به‌ته‌واوه‌تی ده‌ست و پێی کازمی به‌سته‌وه بۆئه‌وه‌ی که نه‌توانرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا هیچ بڕه پاره‌یه‌ک بۆ هه‌رێمی کوردستان بنێرێت که‌واته تائێستا له 16-6 وه بۆ ئه‌مڕۆ که دوو هه‌فته‌ی به‌سه‌ردا رۆیشتووه قسه‌که‌ی ئێمه ده‌رچوو واته هیچ بڕه پاره‌یه‌ک نه‌هاتووه بۆ هه‌رێمی کوردستان".
شاوەیس لە بەشێکی تری وتووێژەکەدا دوپاتیکردەوە: "سه‌باره‌ت به‌ناردنی 200 ملیاره‌که، ئه‌وه‌ی که هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع دوێنێ که کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کراوه، وه‌زیری دارایی رێگری کردووه له‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه بنێردرێت که ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیری داراییشه، ئێمه نا‌توانیین بڵێین ده‌نێردێت شتێکی قورسه به‌ڕاستی چونکه ده‌بووایه تا کۆتایی ئه‌م مانگه بنێردرایه، من پێموایه ئه‌گه‌ر حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پابه‌ند نه‌بێت به جێبه‌جێکردنی هه‌ر سێ بڕگه‌که‌ی مادده‌ی 11، به‌دڵنیاییه‌وه حکومه‌تی عیراقی پاره نانێرێت به‌و 200 ملیاره‌شه‌وه ئه‌وه‌ش قورسه، من پێشبینی ناکه‌م ئه‌م هه‌فته‌یه پاره بنێردرێت".
ئەی پێشتر هەرێم لەسەر و بەندی خوێندنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە رایگەیاند: لە گەڵ بەغدا گەیشتونەتە رێککەوتن.
لە وەڵامدا بەختیار شاوەیس وتی: "ئه‌و رێککه‌وتنه تائێستا جێبه‌جێ نه‌کراوه، رێککه‌وتن کاتێک که ده‌کرێت گرنگ له جێبه‌جێکردنه‌که‌یدایه، ئێمه ئه‌و کاته‌ش وه‌کو فراکسیۆنی یه‌کێتی به‌یاننامه‌مان ده‌رکرد و خۆشحاڵ بووین به ڕێککه‌وتنه‌که و هه‌وڵی زۆریشماندا بۆئه‌وه‌ی یاساکه له په‌رله‌مان جێبه‌جێ بکرێت به‌ڵام له کۆتایی به‌یاننامه‌که‌ی ئێمه که ئێستاش ماوه جه‌ختمان له‌وه کردۆته‌وه وه‌کو فراکسیۆمی یه‌کێتی گرنگ له‌و یاسایه جێبه‌جێکردنیه‌تی چونکه گومانمان هه‌بوو که‌جێبه‌جێ نه‌کرێت، جێبه‌جێکردنه‌که‌شی له مادده‌ی (11) ی یاساکەیە کەتیایه‌تی پشکی هه‌رێمی کوردستانه و له سێ بڕگه پێکدێت، ئێستا هه‌ردوو حکومه‌ت لیژنه‌یان دروستکردووه، ئه‌وه سێ مانگ تێپه‌ڕیووه به‌سه‌ر په‌سه‌ندکردنی یاساکه‌دا به‌ڵام ئه‌م لیژنانه کاره‌کانیان ته‌واو نه‌کردووه و نه‌خراوه‌ته بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه."
دەربارەی هۆکاری جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا؟ بەختیار شاوەیس، بەمجۆرە وەڵامی هۆکارەکانی دایەوە و دەڵێت: "له‌به‌رئه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک وتم ئه‌و لیژنانه‌ی دروستکراوه کاره‌کانیان ته‌واو نه‌کردووه، داهاتی نه‌وت، کە داهاتی 250 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه راده‌ست نه‌کراوه که له‌ناو رێککه‌وتنه‌که‌دایه، حه‌ق و حساب نه‌کراوه بەوەی ئایا مانگانه چه‌ند به‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌وێت و چه‌ند ده‌بێت بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ به‌غدا؟ هه‌روه‌ها داهاتی نانه‌وتی که بریتیه له باج و گومرگ هه‌موو ئه‌مانه که لە 50% ی داهاتی نانه‌وتی هه‌رێمه تائێستا ئه‌مانیش به‌هه‌مان شێوه جێبه‌جێ نه‌کراوه هه‌روه‌ها راده‌ستکردنی داتا‌کان و زانیارییه‌کان له‌سه‌ر داهاتی خاڵه گومرگیه‌کان، هه‌روه‌ها رێژه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌مانه راده‌ستی به‌غدا نه‌کراوه یان ئیهمالیه‌ک هه‌یه که بوه‌ته هۆی راده‌ست نه‌کردنی".
بەختیار شاوەیس، ئەوەشی وت: "ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یزانیین خۆی ده‌بێت حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌مانه جێبه‌جێ بکات وه‌ک ئه‌وه‌ی که له‌یاساکه‌دا هاتووه، یاساکه‌ش رێککه‌وتنی هه‌ردوولایه، پێشتر رێککه‌وتن بووه و بووه به یاسا، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌م خاڵانه‌ی تائێستا به‌شێوه‌یه‌کی کرداری جێبه‌جێ نه‌کردووه بۆیه بیانوی داوه‌ته ده‌ست ئه‌وه‌ی که حکومه‌تی عیراقی پاره نه‌نێرێت بۆ هه‌رێمی کوردستان، ئێمه له‌کاتی خۆشی‌دا وتمان ئه‌م یاسایه ئه‌گه‌ر جێبه‌جێش بکرێت به‌پێی ئه‌وه‌ی که نرخی نه‌وت به‌رزبوه‌ته‌وه ره‌نگه بڕێکی زۆر که‌م بێت بۆ هه‌رێمی کوردستان به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ هه‌رچه‌ندێک بێت رێژه‌که چونکه به‌پێی نرخی نه‌وت رۆژانه گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دێت له‌به‌رئه‌وه‌ی تائێستا ئه‌و پرۆسه‌یه نه‌کراوه و ئه‌نجام نه‌دراوه واته هه‌ر سێ بڕگه‌که جێبه‌جێ نه‌کراوه".
وتەبێژی فەرمی فراکسیۆنی یەکێتی جەختیکردەوە: "ئێمه جارێ نا‌توانیین بڵێین حکومه‌تی عیراقی پابه‌نده یان پابه‌ند نییه، ئه‌گه‌ر حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌ر سێ بڕگه‌که جێبه‌جێ بکات، ئه‌و داواکاریانه‌ی که حکومه‌تی عیراقی لێی هه‌یه بیخاته به‌رده‌ستی، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و کاته ئێمه ئه‌گه‌ر حکومه‌تی عیراق جێبه‌جێی نه‌کات ئێمه خۆمان دادگا له حکومه‌تی عیراقی ده‌گرین و داوای تانه ده‌که‌ین، ده‌توانیین وه‌ک نوێنه‌رانی کورد ئه‌و که‌یسه بجوڵێنیین".