هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشکراکرا

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرایکرد، راگرتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران پەیوەندی بەوەوە هەیە کە داهاتی نانەوتی کەمە. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند" راگرتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆران پەیوەندی بە دەوامنەکردنی وەزیری دارایی و ئابوورییەوە نییە، بەڵکو کەمی داهاتی نانەوتی هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەیە". 

ڕوونیشیکردەوە، ئەگەرچی بڕیاربوو دوێنێ پێنجشەممە و ئەمڕۆ هەینی مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆرانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەوە راگیرا، چونکە داهاتە نانەوتییەکان بەتەواوەتی نەگەڕاونەتەوە نێو گەنجینەی حکومەت.  
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر بڕیاریدابوو لە ٢٥ی هەموو مانگێکدا تا کۆتایی مانگ دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات، بەڵام مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم و مانگی رابردووش دواکەوت.


AM:08:25:02/07/2021