هۆکاری دواکەوتنی پارەکەی بەغداد بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرا

وتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت" دواکەوتنی رەوانەکردنی پارەی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی خەرجکردنی مووچە، پەیوەندی بە کێشەی تەکنیکییەوە هەیە، پەیوەندییەکانی حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستدایە". 

حەسەن نازم، وتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئیتاڵیان، لە چاوپێکەوتنێکدا بە رووداوی ڕاگەیاند" ئەوەی پەیوەندی بەو رێکەوتنەوە هەیە لەبارەی پشکی هەرێم ئێستا رێگرییەکان تەنیا لە لایەنە تەکنیکییەکاندایە، دەنا رێککەوتن هەیە لە ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ناردنی پشکی هەرێم و ئەوەش دەنگی لەسەر دراوە، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا لایەنە تەکنیکییەکانە کە پەیوەندیی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە تاوەکو پشکی هەرێم بنێرێت". 

ڕوونیشیکردەوە، پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدایە و شانازی بە پەیوەندییەکانمانەوە دەکەین. 

وتەبێژەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان عێراقین، تاوەکو ئێستا کۆبوونەوە هەیە لەسەر ئەو بابەتە و چارەکردنی هەندێک بابەت و پاشان هەرێم و خەڵکی هەرێم و فەرمانبەرانی هەرێم عێراقین و ئەمە لە ئەنجوومەنی وەزیران چەسپاوە، ئێمە هەر لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین. 


AM:11:07:02/07/2021