لەسەر دواکەوتنی مووچە پارتی و یەکێتی یەکتری تۆمەتبار دەکەن


هەرچەندە چەندان جار حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە لە ٢٥ ی هەموو مانگێکدا تا کۆتایی مانگەکە مووچە بەلێبڕینی ٢١$ دابەشدەکات، بەڵام دوو مانگە ناتوانێت پابەند بێت بەم رێکەوتەوەو پارتی و یەکێتی یەکتری لەسەر دوا کەوتنی مووچە تۆمەتبار دەکەن.
دوێنێ پەرلەمانتارانی پارتی، یەکێتیان بە هۆکاری نەگەڕانەوەی داهاتی دەروازەکانی پارێزگای سلێمانی تۆمەتبار دەکرد، هەرچی یەکێتیشە، ئەمڕۆ لە کوردساتەوە پارتی بە گەڕانەوەی داهاتی نەوت تۆمەتبار دەکەن.

ئەمڕۆ کەناڵی کوردسات نیوزی سەر بە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕایگەیاندووە، "تا چواری تەموز بەشێک لەپارەی نەوت نەگەیشتووەتە ئاڕتی بانک و ھەروەھا ئەو بڕە پارەیەی دەبێت ھەولێر و دھۆک دابینی بکەن بۆ موچە نەگەیشتووەتە بانکەکان."  
  
هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو "ھەر بەپێی زانیارییەکان سلێمانی و ھەولێر تا مانگی پێنج لە داھاتی ناوخۆ یەک ترلیۆن و ٥٤٠ ملیار و ٥٠ ملیۆن دیناریان بۆ مووچە دابین کردووە و لە مانکی یەک تا مانگی پێنجی ٢٠٢١ تەنھا سلێمانی ٦٦٥ ملیار و ٩٢٩ ملیۆن دیناری بۆ مووچە دابینکردووە."  
  
شەوی رابردوو، هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبەرنامەی لەگەڵ رەنج رایگەیاند "یەکێتی بە نەناردنی داهاتەکانی سنوری سلێمانی تۆمەتبار کرد کە بۆتە هۆی دواکەوتنی مووچە".

ئەوە لە کاتێکدایە کە دەزگاکانی هەردوو حیزبی حکومڕانی پارتی و یەکێتی و کادیرەکانیان هیچ کێشەیەکی دواکەوتنی مووچەو لێبڕینیان نییە، بارەگا و میدیا زەبەلاحەکانیشیان ماناگانە خەرجی و مووچەی خۆیان وەردەگرن. 



AM:11:54:05/07/2021