لە پەرلەمانی کوردستان بارگرژی دروستبوو
ئەبوبەکر هەڵەدنی داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان دەکات

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ئەوەی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن ناڕازین لەسەر لێبڕین و دواکەوتنی مووچە، دەچنە سەر سەکۆی سەرۆکایەتی و بەهۆیەوە بارگرژی دروستدەبێت. ئەبوبەکر هەڵەدنی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت "بەردەوامبین لەم ناڕەزایەتییە هەتا ئەگەر بگات بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش". 

سیروان بابان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی " سپی " رایگەیاند" ئێمە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و چەند پەرلەمانتارێکی لیستەکانی دی داوامان کرد دانیشتنەکە تایبەت بکرێت بە لێبڕینی مووچە، بەلآم سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەو پێشنیارەی نەخستە دەنگدانەوەو دانیشتنەکە تێکچوو".

ئەو وتیشی " هەردوو لیستی پارتی و یەکێتی نەیاندەتوانی ئەو بپێشنیارە بخەنە دەنگدانەوە، چونکە ئەگەر لەگەڵ مانەوەی لێبڕینی مووچەدا بوونایە، رسوا دەبوون، لەبەر ئەو هۆیە پشێووی دروستبوو".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی" بە ئێمەیان راگەیاند کە دانیشتنەکە کۆتایی هاتووە و کارەبایان کووژاندەوەو ئێمەش چووینە دەرەوە، بەڵام دواتر بەبێ زنگ لێدانی دانیشتن کە هەموو دانیشتنێک دەبێت زەنگ لێبدرێت، لە رێگای تەلەفونەوە لیستەکانی دەسەلآت یەکتریان ئاگادارکردەوەو دەستیان کردەوە بە کۆبوونەوەکەیان، هاوکات لە رێگای پاسەوانەکانەوە رێگایان لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن گرت کە بچنەوە ناو هۆڵەکەوە".

سیروان بابان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تا ئێستا رێگایان نەداوە بچنەوە پەرلەمان.

ئەبوبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە " سپی " راگەیاند " کۆبوونەوەی پێشووی پەرلەمان کە ١٨ کاتژمێری خایاند لەسەر مووچە هیچ ئەنجامێکی نەبوو، داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد کە یاداشتی ئەو ٥٧ پەرلەمانتارەی کە داوای لابردنی لێبڕینی مووچەیان کردووە، بخەنە دەنگدانەوە، بەلآم سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەو پرسە گرنگەی خەڵکی کوردستانی پەسەند نەکردو سووربوو لەسەر بەردەوامی لە گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاساکانی حوکمەت رەوانەی پەرلەمانی کردووە، ئێمەش کۆبوونەوەکەمان راگرت".

هەڵەدنی وتیشی" لە دنیادا نەبووە پەرلەمان دوای راگرتنی ئەو کۆبوونەوەیە لە پشتەوە بەبێ زەنگی ئاگادارکردنەوەو لە رێگای مۆبایلەوە پەرلەمانتاریان بانگ دەکرد بۆ ناو کۆبوونەوەکەو هێزیان هێنا بۆ رێگریکردن لەو ١٦ پەرلەمانتارەو نەیانهێشت بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن".

 ئەبوبەکر هەڵەدەنی وتیشی " دۆخی هاولآتیان ‌هێندە خراپە کە دەبێت بەردەوامبین لە ناڕەزایەتیدەربڕین هەتا ئەگەر بگات بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمانیش".   

سەرەتا ١٦ پەرلەمانتار رێگریان لێکرا کە بچنە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە، کە ئەوانیش عومەری گوڵپی، روپاک ئەحمەد، مژدە مەحمود، هەلز ئەحمەد، شایان کاکە، شیرین ئه‌مین، هاوڕێ مه‌لاستار، كاوه‌ عه‌بدولقادر، شێركۆ جه‌وده‌ت، ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی، عەلی حەمە ساڵح، مەم بورهان قانع، سیروان بابان، سیپان ئامێدی و ئیسماعیل عەلی و سەرچنار ئەحمەد، دواتریش هەریەک لە دابان محەمەد و ئاشنا محەمەد و مامۆستا محێدین و مەم قانح و بەڵێن هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانیان جێهێشت و چوونە ریزی پەرلەمانتارەکانی ئۆپزسیۆنەوە. 
 

PM:12:59:06/07/2021