پەرلەمانتارێک دەرئەنجامێکى مەترسیدار لەبارەى دواکەوتنى مووچە ئاشکرا دەکات

عەلی حەمە ساڵح لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان چەند دەرئەنجامێکى مەترسیداری لەسەر دواکەوتنى مووچە ئاشکرا کرد و وتی" له‌ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌نجامێكی مه‌ترسیدار و هه‌ولێر و سلێمانی به‌رێژه‌ی 42% به‌یه‌كه‌وه‌ داهاتیان كه‌مكردوه‌ته‌وه‌".

عەلى حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان ڕایگەیاند" بەدواداچونێکى وردم کردووە کە بۆچى مووچە نادرێت، بەڵام گەیشتومەتە دەرئەنجامێکى مەترسیدار کە پێویستە پەرلەمان هەڵوێستەى لەسەر بکات، چونكه‌ له‌گه‌ڵ زیادبونی داهاتی نه‌وت، له‌سێ مانگی رابردودا، به‌رێژه‌ی 42% داهاتی ناوخۆ كه‌میكردوه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" داهاتى سلێمانى لە (161) ملیار دینارەوە بۆتە (94) ملیار دینار و (42%) کەمى کردووە، لەوەش سەیرتر ئەوەیە لەهەمان کاتدا لە هەولێریش داهاتى ناوخۆ بۆ موچە هەر (42%) کەمى کردوە، واتا لە هەولێر لە (201) ملیار دینارەوە داهاتى ناوخۆ بوەتە (123) ملیار دینار".

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئاشكراشیكرد، جگه‌ له‌ قاچاخی و خزمه‌تگوزاری و نه‌وت و داگیركردنی زه‌وی، ده‌یانه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر پاره‌ی ئاو و كاره‌با و هاتوچۆ بگرن.


PM:02:48:06/07/2021