لەسەر كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ هەڵوێستى لاهور شێخ جەنگى ئاشکرا دەکرێت

ماڵپه‌ڕێكی‌ نزیك له‌ لاهور شێخ جەنگی‌، هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌، لەسەر كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ هەڵوێستی ناوبراو ئاشكرا ده‌كات‌ و دەڵێت" لاهور شێخ جەنگی‌ سورە لەسەر ئەوەی‌  بڕیاری‌ گۆڕینی‌ بەرپرسی‌ دەزگای‌ زانیاری‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌". 

ماڵپه‌ڕی‌ (ژیان)ی‌ نزیك له‌لاهور شێخ جه‌نگی‌ ڕاپۆرتێكی‌ له‌باره‌ی کێشە ناوخۆییەکانی ناو یه‌كێتی‌ بڵاوكردۆته‌وه‌ و له‌به‌شێكیدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە ئێوارەى رۆژى پێنج شەممەوە، سلێمانى کەوتووەتە ناو دۆخێکى نائاساییەوە، دۆخێک کە بە کودەتاى سپى ناودەبرێت بۆ ته‌سلیمكردنی یه‌كێتی و سلێمانی به‌ پارتی، کە لە ئەگەرى سەرکەوتنى کاریگەرى بەرچاوى دەبێت لەسەر داهاتووى ئەم سنورە و ژیان و گوزەرانى خەڵکەکەى".

ڕاشیگەیاندووە" لە سەرەتاى ئەم رووداوانەوە تائێستا چەندین زانیاریی باس دەکرێن، دەوترێت کێشەکان چارەسەربوون، یان بڕیارى گۆڕانکارییەکان راگیراون، بەڵام بەپێى ئەو زانیاریانەى دەست تۆڕى هەواڵى ژیان کەوتوون، تائێستاش دۆخەکە هەر وەک خۆیەتى و هیچ گۆڕانکارییەک رووینەداوە".

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا ماڵپەڕەکە لەبارەی هەڵوێستی لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشکردووە" لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، لایەنێکى سەرەکى ئەم پێشهاتانە، دەوترێت ئەم رووداوانە پلانێکە و لە دژى ئەو داڕێژراوە بە پشتیوانى دەرەکى و تەنانەت هەرێمایەتیش، تائێستا لاهور شێخ جەنگى بە فەرمى هیچ هەڵوێستێکى لەبارەى رووەداوەکانەوە نیشان نەداوە، بەڵام بەپێى زانیارییەکانى تۆڕى هەواڵى ژیان هەر لە سەرەتاى دەرچوونى بڕیارەکانەوە تائێستاش، لاهور شێخ جەنگى سورە لەسەر ئەوەى دەبێت ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێتەوە چونکە نایاسایین و بەزەبری هێز کراوە کە ئەوەش هەرگیز ڕێگا پێدراو نییە".

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی‌ نزك له‌ لاهور شێخ جه‌نگی‌ باس لەوەش دەکات سەرەتای‌ ئەم رووداوانە لەوەوە دەستیپێکرد کە بڕیاردرا بەگۆڕینی‌ بەرپرسی‌ دەزگای‌ زانیاری‌، کە بەپێی‌ زانیارییەکان ئەم گۆڕانکارییە هەستیارە بەبڕیارێکی‌ کتوپڕو لەناکاو بووەو بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی‌‌و مەکتەبی‌ سیاسی‌ یەکێتی‌ دراوە . ئەم بڕیارە کتوپڕو لەناکاوە کە بافڵ تاڵەبانی‌‌و قوباد تاڵەبانی‌ لەپشتییەوە بون، دۆخەکەی‌ ئاڵۆز کرد، سەرباری‌ ئەوەش هەوڵیاندا بەجوڵاندنی‌ هێز بڕیاری‌ گۆڕانکارییەکان جێبەجێ بکەن‌و هێزیان بردە سەر دەزگای‌ زانیاریی کە هەستیارترین دەزگای‌ یەکێتییەو سەرۆکی‌ دەزگاکەو راوێژکارێکیان بۆ ماوەی‌ نزیکەی‌ ٢٤ کاتژمێر دەستبەسەرکرد. 


PM:12:39:10/07/2021