لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزین ڕوونکردنەوە دەدرێت

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای دەکات، لەچەند رۆژی داھاتوو نرخی بەنزین لەھەرێمی کوردستان دادەبەزێت و بەھۆی کەم کردنەوەی باج کۆمپانیاکان ناچار دەکرێن نرخی بەنزین دابەزێنن.

د. رێبوار بابکەیی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" لەماوەکانی رابردوو بەدەداچوونی زۆرمان بۆ نرخی بەنزین لەھەرێمی کوردستان کرد و دواتر پەیوەندیمان بە وەزیری سامانە سروشتیەکانەوە کرد و چەند پێشنیازێکمان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین کرد، بڕیارە لەچەند رۆژی داھاتوودا نرخی بەنزین دابەزێت و کوالێتی بەنزین باشتر دەکرێت". 

وتیشی" وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و دابەزاندنی نرخی بەنزین، باج لەسەر کۆمپانیاکانی ھاوردەکردنی بەنزین کەم دەکاتەوە  لەبەرامبەریشدا کۆمپانیاکان ناچار دەکرێن نرخی بەنزین دابەزێنن". 

پەرلەمانتارەکەی پارتی باسی لەوەشکرد، ئەو بەنزینەی لەدەرەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، پێویستە کوالێتی بەرزبێت و بەپێی ستانداردبێت، بەپێچەوانەوە رێگە بە ھاوردەکردنی بەنزینی کواڵێت نزم نادرێت، چونکە بەپێی مەرجەکان پێویستە بەنزینی ھاوردەکراو لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت و پشکنینی ھونەریشی بۆدەکرێت.


PM:02:23:12/07/2021