جەمیل بایک: بە هیچ جۆرێک نامانەوێت شەڕی پارتی بکەین


جەمیل بایک رایگەیاند" بەهیچ جۆرێک نامانەوێت شەڕی پارتی بکەین" هاوکات پەیامێک ئاراستەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دەکات".

میدیاکانی نزیک پەکەکە بانگەوازێکی جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکەی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەستپێشخەرییەک بۆ پاراستنی کوردستان دەکات، دەڵێت " بە هیچ شێوەیێک نامانەوێت لە بەرامبەر پەدەکە شەڕ بکەین، مادام کە کاک مەسعود ڕایگەیاندووە هیشتا لەسەر بەڵێنی خۆیەتی، پێویستە ئەو بەڵێنە پێکبێنێت، بەمشێوەیە هەموو گومانەگان لەناو دەچن، ئێمە ئامادەین ئەو بەرپرسیارەتیانە کە دەکەوێتە سەر شانمان پێکبێنین".

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەشداری ئەو پەیامەی لە بەرنامەیەکی  تایبەتی ستێرک تی ڤی دا بڵاوکردەوە وتی " دەوڵەتی تورک بە چەکەکانی ناتۆ هێرشی سەر ئاڤاشین، هەفتانین، زاپ، مەتینا و هەموو ئیالەتەکانی باکوور دەکات و چەکی کیمیاویش بەکار دێنیت و وتی: سەرەڕای ئەمانە، پەدەکەش هەرێمەکانی گەریلای گەمارۆ داوە، هۆلوسی ئاکار ئەمەی ویست، هەڤال موراد کارایلانیش ئەمەیە ئاشکرا کرد، دەوڵەتی تورک کە بە هەزاران سەرباز و چەتە و چەکی کیمیاوییەوە نەیتوانی هیچ ئەنجامێک بەدەست بێنێت، داوای لە پەدەکە کرد تا بکەوێتە ناو شەڕەوە".

هەروەها دەشڵێت "هەندێک هێزی تایبەتی پەدەکە هەیە کە پێشمەرگە نین، پێشمەرگەکان بەشداریی شەڕ ناکەن، ئەوە هێزە تایبەتەکانن کە هەرێمەکانی گەریلا گەمارۆ دەدەن، ئەم گەمارۆدانەش لە پێناو دەوڵەتی تورکە، ئەگەر ئەم گەمارۆیانە نەبوایە دەوڵەتی تورک تووشی گورزی گران دەبوو و تێکدەچوو، ئێمە تێکۆشانەکانمان لە بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک پێشدەخەین، کۆتایی بە دەسەڵاتداریی ئاکەپە-مەهەپە دێنین، با هەموو کەسێک لەمە دڵنیا بێت".

بایک داوا لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و پێشمەرگە دەکات و دەڵێت " داواکاریمان لێیان ئەوە بوو ئەگەر لە پاڵ ئێمە نیین لانیکەم لە بەرامبەری ئێمەش نەبن، ئەم کردەوانەیان بووە هۆی ئەوەی کە دۆستەکانی کورد، هۆنەرمەندانی کورد و هەندێک لایەن تووشی گومان بن".

جەمیل بایک درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: هەندێک کەس چوون، لەگەل بەڕێز بارزانی چاوپێکەوتنیان کردووە و بەڕێز بارزانی پێیان وتووه کە لەسەر بەڵێنەکەی پێشووی خۆیەتی، ئەگەر بەمشێوەیە بێت گرنگ و پیرۆزە و ئێمە پێی دڵخۆشین، دەمانەوێت ئەم بەڵێنە جێبەجێ بکرێت، ئەو بەڵێنە بۆ ئێمە بەنرخ بوو و هێشتاش خاوەن نرخە و با هەموو کەسێک لەمە تێبگات، ئێمە بانگەوازی و داواکاریەکانی دەستپیشخەریی پاراستنی کوردستان، هۆنەرمەندان و زۆر لایەنی بەڕێز بۆ خۆمان دەکەین بە بنەما و وەکو ڕاسپاردە چاوی لێدەکەین، بە هیچ شێوەیەک ئامانجی ئەوەمان نییە کە لە بەرامبەر پەدەکە شەڕ بکەین، مادام کە کاک مەسعود وتوویەتی لەسەر بەڵێنەکەی خۆیەتی، ئەو کاتە پێویستە بەڵێنەکەی بەجێبێنێت، بەمشێوەیە هەموو گومانەکان لەناودەچێت، ئێمە ئامادەین تا ئەو بەرپرسیاریەتییەی دەکەوێتە ئەستۆمان جێبەجێ بکەین، لەسەر ئەو بڕوایەین کە بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێن و هەوڵ بۆ بەجێکردنی هێزەکان ڕابوەستێت، ئەگەر وا بکرێت هەموو کێشەکان لە ڕێگای دیالوگەوە چارەسەر دەبن.



PM:03:49:15/07/2021