مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆبوونەوەدایە

لەئێستادا مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و ئاراسی شێخ جەنگی و قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەدان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، ئێستا مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکە بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەمی هەردوو هاوسەرۆکانی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت تاوەکو کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوانیان بهێنرێت.

هاوکات هەر بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە تائێستا بەردەوامە و گفتوگۆ و گەیشتن بە ئەنجام تاوتوێ دەکەن. 

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکاری شەهیدانی یەکێتی لە گردی سەرچنار شاری سلێمانی ڕایگەیاند" ئەمشەو پەیامێک بڵاودەکەمەوە و ڕایدەگەیەنم کە ئامادەی ھەڵگرتنی هه‌موو بەرپرسیاریه‌تێكم".

هه‌روه‌ها لاهور شێخ جه‌نگی ئه‌وه‌شی خستەڕوو، لەناو یەکێتی شەرعیەتی كۆنگرەم هەیە و لە پۆستی خۆم بەردەوامم تا كاتی كۆنگرە

جێی باسە، هەر ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، کە وەک سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان خۆی ناساندوە لە پەیامێکدا بەناونیشانی (باوکە گیان رێنیشاندەر و رابەری مێژوییمان) رایگەیاند" ئەمڕۆ ھاتومەتە حزورت تا لەنزیکەوە خۆم راستییەکانت پێبگەیەنم و دڵنیات بکەمەوە لە پشودرێژی و دانبەخۆداگرتنم لەبەرامبەر پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و ئەمانەتی خوێنی شەھیدان، رەنج و ماندوبونی پێشمەرگەی دێرین، تێکۆشەرانی رێگای خەبات و زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر و قوربانیدانی کۆمەڵانی خەڵک".

ئاماژەی بەوەشکرد" دواجار بەناچاری دوای ھەوڵی بەردەوامم و کۆشش لەپێناو یەکێتییەکەمان و پارێزگاری لە رێبازی راست و رەوان و بەڕاوێژ لەگەڵ سەرکردە تێکۆشەرەکان و خەمخۆرانی یەکێتی راستەقینە بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەمو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بو خرابونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەکاردەھێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و یەکێتییەکەمان دەجوڵانەوە، لەکاتێکدا کارمەندانی ئەو دەزگایانە خەڵکانی تێکۆشەر و دڵسۆزبون، بەڵام بەمەبەست ئەم کارە دزێوانەیان پێئەنجام دەدرا، دەست خرابوە بینەقاقای کاروکاسبی کاسبکاران و سەرمایەداران، بەپیلان و بەرنامە رێگری لە دامەزراوەکانی حکومەت دەکرا تاوەکو کار و پڕۆژەکانیان جێبەجێنەکەن، قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن، ھەڕەشە و سیخوڕیکردن کرا بە بەرنامە".


PM:08:04:15/07/2021