(سپی) ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بڵاودەکاتەوە

مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە ئەمشەو لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، بڕیاریان دا کە کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدا بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ڕەزامەندی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە لاهور شێخ جەنگی دەستبەرداری هەموو دەسەڵاتەکانی خۆی ببێت و وەک کادرێکی یەکێتی بمێنێتەوە و سیستەمی یەکێتی بکرێتە سەرۆکایەتی.

هەر بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، بڕیارە لەماوەی یەک هەفتەدا لیژنەیەک دروست بکرێت بۆ گۆڕانکاری لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا و سەپاندنی سیستەمی سەرۆکایەتی.

دەربارەی پێگەی لاهور شێخ جەنگی لەسەرکردایەتی نوێدا کە بەپێی پەیڕەوەی ناوخۆ داڕێژرێت، زانیارییەکانی (سپی) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە لاهور شێخ جەنگی دەستبەرداری هەموو دەسەڵاتەکانی خۆی دەبێت سیستەمی یەکێتی دەبێت بەسیستەمی سەرۆکایەتی و بافڵ تاڵەبانی دەبێتە سەرۆک. 

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمشەو مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی ولاهور شێخ جەنگی و ئاراس شێخ جەنگی و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە.

بڕیارە سبەینێ هەینی ١٦ی تەمووز ڕاگەیەندراوێک بەناوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەر کۆبوونەوەکەی ئەمشەو بڵاوبکرێتەوە. 


PM:10:46:15/07/2021