" سپی " زانیاری ورد لەسەر رادەستکردنی دەسەڵاتەکانی لاهور جەنگی بە بافڵ تاڵەبانی‌و بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاشکرا دەکات

ئەمڕۆ شەممە ١٧ ی تەموز بڕیارێکی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە شەوی پێنج شەممەی رابردوو بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی سازکرا، دزەی کردە نێوان میدیاکان و بڵاوکرایەوە، ماڵپەڕی " سپی " زانیاری ورد لەسەر ئەو بەڵگەنامەیەو بڕیارەکانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی بڵاودەکاتەوە.

وەک لەو بەڵگەنامەیەی کە لە شێوەی بڕیاری کارگێڕدا دەرچووەو تێکڕای دەسەلآتەکانی لاهور جەنگی دەدرێت بە بافڵ تاڵەبانی، لەسەرەتای بڕیارەکەدا هاتووە" ئاماژە بە خاڵی یەکەمی کۆنووسی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە رۆژی ١٥/٧/٢٠٢١ دا سازکراوە"، لەو بڕیارەدا کە بڵاوکراوەتەوە وەک لە پێشەکیەکەیدا هاتووە " ئاماژە بە خاڵی یەکەمی کۆنووەسی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی " کرا، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لەو کۆبوونەوەیەدا ژمارەیەک خاڵی تر بڕیاریان لە بارەوە دراوەو تەنها ئەم خاڵە نەبووە.

" سپی " زانیوویەتی لەنێو ئەو خاڵانەدا کە تا ئێستا بڵاونەکراوەتە، پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی لەبەر رۆشنای نەمانی سیستەمی هاوسەرۆکی و زەمینە خۆشکردن بۆ بافڵ تاڵەبانییە وەک کەسی یەکەمی یەکێتی، کە هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە کە لە ژێر ناوی سەرۆکدا دەبێت، یان لەژێر هەر ناوێکی تردا.

هەروەها دوای داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناخۆ ئەو رەشنووسە دەخرێتە بەردەم مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ئاگاداری بافڵ تاڵەبانی گەڵاڵە دەکرێت و دەخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەری.

لە کۆبوونەوەکەدا بەپێی زانیارییەکان بڕیار دراوە لەسەر سازدانی پلنیۆمی حیزبی.

هەموو ئەم گۆڕانکاریانە دوای ئەوە دێت کە لە ٨ ی تەموزدا ناکۆکی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی تەقیەوەو، بافڵ تاڵەبانی لەو رۆژەوە کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە بواری ئەمنی و ئیدارەی گشتی یەکێتی و میدیادا دەستپێکردووەو تا ئێستا درێژەی هەیە، هەرچی لاهور جەنگیشە بەردەوامە لە ملدان بۆ ئەو گۆڕانکاریانە. 

  



PM:01:51:17/07/2021