ئەمڕۆ شەممە له دیوانی قائیمقامیهتی سلێمانی لیژنەی ئەمنی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەشێک لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی کۆبوونەوە بۆ ئامادهكارییهكانی رۆژانی جهژنی قوربان.
ئاوات محهمهد، قائیمقامی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگهیاند" بەرنامەو پلانی تایبەت بۆ رۆژانی جەژن و پێش جەژن و دوای جەژنیش دانراوە و لەمڕۆوە دەچێته بواری جێبهجێكردنهوه ههروهها لیژنە هاوبهشهکانی قائیمقامیهت سهردان و پشكنینهكانیان له دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان چڕتر دەکهنهوه".
وتیشی" بۆ پاراستنی هاوڵاتیان، لیژنەی ئەمنی و فریاگوزاری و تەندروستی هێزە ئەمنییەکان لە نزیک گۆڕستانەکانی سلێمانی و شوێنە گشتیەکان و سەیرانگاکان بڵاودەبنەوە و لە رۆژانی جەژن و دوای جەژنیش، بەو هیوایەی روداوەکان کەم بکرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەموو شوێنەکانی ئاژەڵفرۆشی تیمەکانی تەندروستی ئامادەدەبن تا بەشێوەیەکی تەندروست قوربانیكردنهكان بەڕێوەبچێت، هەموو لایەک ئەبێت هاوکار بن بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم رێکارەکان.
هاوکات لای خۆشیەوە د. ئاری نوێنەری لیژنەی تەندروستی لە قائیمقامیەتی سلێمانی وتی" کوشتارگەکان کراوە دەبن لە رۆژانی جەژندا و پزیشکانی ڤێتنەری لەو کوشتارگانە ئامادە دەبن بۆ پشکنینی ئاژەڵەکان و بەهەمان شیوە ئاگاداری پاراستنی ژینگەش دەبن، هەتا بەرێگایەکی تەندروستی پرۆسەکە بەرێوەبچێت".