"مانگێکە بەنزین بە (٥٠٠) دینار دابەش دەکەین، پارتی‌و یەکێتیش بەردەوامن لە سەرانەسەندن"

سه‌رۆكی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ رایدەگەیەنێت" ئه‌وان نزیكه‌ی مانگێكه‌ به‌رده‌وامن له‌ دابه‌شكردنی به‌نزین و لیترێكی ده‌ده‌نه‌ ٥٠٠ دینار".

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە نوسینێکدا بەناونیشانی (با هەموو خەڵکی کوردستان بیزانن) بڵاویکردوەتەوە" نەوەی نوێ نزیکی یەک مانگە بەرده‌وامە لە بەنزیندابەشکردن بە ٥٠٠ دینار، پارتی و یەکێتیش بەردەوامن لە سەرانەسەند لە خەڵک و پارەی زیاده‌ وەرگرتن لە بەنزین".

باسی له‌وه‌شكردووه‌، ئەم پارەی بەنزینە کە گرانیان کردووە، دەچێتە گیرفانی دوو گروپەوە، یەکەمیان هاوسەرۆکی یەکێتی (کە نازانم ئێستا سەرۆکە یان هاوسەرۆک) کە لە دەروازەکان بۆ هەر یەک تەن بەنزین ١٠٠ دۆلار وەردەگرن سەرانە بۆ حزب، هەروەها لە سنووری پارتیش کەسێکی ناو بنەماڵەی بارزانی بەرپرسە لەو پاڵاوتگە نوێیەی کە دانراوە و نرخیان زیاد کردوە بۆ ئەوەی رۆژانە تەنها لە بەنزیندا سەروو یەک ملیۆن دۆلار بخەنە گیرفانیان.

شاسوار عه‌بدولواحید دەشڵێت" ٢٥ ڕۆژ پێش ئێستا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رامانگەیاند کە ئەگەر دەسەڵات راست دەکات و دەڵێت بەنزین زۆری تێدەچێت، ئەوا با بێن لەگەڵمانا هەموو میدیاکاران دەعوەت دەکەین و لە ئێرانەوە تەنکەرێک بەنزین دەهێنین، بزانین بێ سەرانەی کۆمپانیاکان و باج، لیتری چەندە دەکەوێت؟". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، حەزەکەم خەڵک جیاوازی نەوەی نوێ و ئەم دوو حزبە بزانن، ئەمانە لە بچوکترین فرسەت دەگەرێن بۆ ئەوەی دزی لە خەڵک بکەن، نەوەی نوێش نزیکی مانگێکە بەنزین بە ٥٠٠ دینار دابەش دەکات، ئەگەر کەسی یەکەمی پارتی و یەکێتی دەڵێن وا نییە یاخود نەیانزانیوە، ئەوا ئێستا دەیزانن. فەرموون ئەو باج و سەرانەیە لابەرن، خۆ ئێستا بە حسابی هەردولاتان دژی سەرانەسەندنن، ئەی پێمان ناڵێن ئەو کۆمپانیایانەی سەرسنورەکان هی کێن کە پارە وەردەگرن؟ پاڵاوتگەکانی ناوخۆ هی کێن؟.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ئێمە هیچمان نەکردبێت ئەوە نزیکی مانگێکە بەنزین بە ٥٠٠ دینار دابەش دەکەین، ئێمە بۆ دەتوانین، ئێوە بۆ ناتوانن؟ ئەگەر مەسەلە دزیکردن نەبێت لە خەڵک؟ ئەوە باسی ئاو دابەشکردنیش ناکەین لە هەولێر کە ٣٠ ساڵە دەسەڵاتی جوت حزب پێیان چارەسەر نەبووە.


PM:12:40:18/07/2021