ئەنجومەنی بالآی سیاسی و بەرژەوەندیەکانی یەکێتی کۆدەبنەوەو کۆمەڵێ بڕیاڕ و پێشنیار گەڵاڵە دەکەن

دوێنی کاتژمێر ١١ ی پێشنوەڕۆ لە مالی کۆسرەت رەسوڵ بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی بالآی سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر کێشەکانی سەرکردایەتی یەکێتی کۆبوونەوەو ژمارەیەک پێشنیار و بڕیاریان گەڵاڵە کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند" دوێنی ئەنجومەنی بالآی سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ماڵی کۆسرەت رەسوڵ کۆبوونەوەتەوە گفتوگۆیان لەسەر قەیرانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کردووەو گەیشتوونەتە کۆمەڵێک بڕیار و پێشنیار بۆ بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی".

لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە وەفدێک لە ئەنجومەنی بالآ پێکبهێنرێت و سەردانی بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی بکرێت و رای خۆیان و پێشنیار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەردووکیاندا باس بکەن".

بەپێی زانیارییەکان وەفدی ئەنجومەنی بالآی یەکێتی بۆ لای بافڵ تاڵەبانی کە دوێنێ سەردانەکەیان ئەنجام داوە، پێکهاتوون لە شێخ جەعفەر و حاکم قادر حەمەجان. 

وەفدی دووەمیان ئەندامیکێان حاکم قادر حەمەجان بووەو ئەندانی دووەم لە کاتی کۆبوونەوەکەدا دیارینەکراوەو بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی لاهور جەنگی بکەن و رای خۆیان لە بارەی کێشەکانەوە لەگەڵیدا باس بکەن.

ئەنجومەنی بالآی سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی بڕیاریان داوە بەردەوام بن لە کۆبوونەوە هەماهەنگی لە نێوانیاندا بە تایبەتی لەم دۆخە خراپەی یەکێتی پیایدا تێپەڕدەبێت، وەک سەرچاوەکەی ( سپی ) ئاماژەی بۆ کرد.

رۆژی ٨ ی تەموز کێشەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی تەقیەوە، ئەمەش پاش ئەوە هات کە بافڵ تاڵەبانی بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی و دوای ئەوە چەندان گۆڕانکاری تری ئەنجامداو تا ئێستا هەڵوێستی لاهور جەنگی لە پاشکشەدایە.

 



AM:10:28:19/07/2021