" ئەگەر گۆڕانکاری ڕاستەقینە نەیەتەدی، هەر ئەم هەلپەرستانە بافڵ تاڵەبانیش بە دەردەکەی لاهوری شێخ جەنگی دەبەن "

سیروان عەبدوڵڵا لە بڵاوکراوەیەکدا باس لەوەدەکات" ئەگەر گۆڕانکاری ڕاستەقینە نەیەتەدی، ئەوانەى بە تەکەتول بۆ ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبەکان باڤڵ تاڵەبانیش بە دەردەکەی لاهوری شێخ جەنگی دەبەن". 

سیروان عەبدوڵڵا لە وتارێکدا بە ناونیشانی (گەرمەسێر) لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی ئەم دواییەی نێو یەکێتى کە لە سایتی (چاودێر نیوز) سەر بە مەلا بەختیار بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدەکات" یەکێتی پێش و پاش کۆنگرە کرابووە مەیدانی تەراتێنی سەنگەر گواستنەوە بۆ لای بەرپرسە باڵاکان و ژیانی حیزبایەتی لاواز کرابوو".  

ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتی پێش و پاش کۆنگرە خرابووە ناو گێژاوی موزیادەی سیاسی و بەرزکردنەوەی دروشمی کاڵفامی و تێکدانی پەیوەندیە سیاسییەکان. 

ڕاشیگەیاندووە" بەو دۆخە سیاسی و ئابوری و حوکومڕانی و حیزبایەتیە، زەمینەی سازدانی چوارەمین کۆنگرە لەژێر دروشمی نوێ بونەوە سازدا! ئەو پیلانگێڕیە، زۆربەی سەرکردە و تەکتەلوکاتی یەکێتی و دەزگای زانیاری، بەشدار بوون لە داڕشتنیا".  

ئەوەش هاتووە" ئێستا بەشێکی ئەو پیلان گێڕانە وەلاخراوون، بەڵام بەشی زۆریشی ماوون و سەرگەرمی بادانەوە و هەڵواسینی وێنەی نوێن (نەك نوێ بونەوە)".  

هاوکات لەبەشێکی تری وتارەکەدا ئەوەش هاتووە" لەناو ئەمانەی هێشتا لە ناو یەکێتیدا زۆرن تەراتێنی هەلپەرستی دەکەن، تازە تازە خەبەریان بۆتەوە و باسی گەندەڵی و حوکمڕانی مافیای تلیاك فرۆشان و رزگارکردنی سلێمانی لەو باندانە دەکەن، ئەمە لە کاتێکدا ئەمانە خۆشیان لەوانە بون و دەستیش لە باند بازی هەڵناگرن".
 
دەقی وتارەکە: 

سیروان عەبدوللە

(گەرمەسێر)

یەکێتی پێش چوارەمین کۆنگرە کێشەی گەندەڵی و زەوی داگیرکردن و سەرانە سەندنی هەبووە.
یەکێتی پێش و پاش کۆنگرەی بەناو نوێ بونەوە، کرابووە مەیدانی تەکەتول و کادر کڕین و پلە بەخشینەوە.
یەکێتی پێش و پاش کۆنگرە کرابووە مەیدانی تەراتێنی سەنگەر گواستنەوە بۆ لای بەرپرسە باڵاکان و ژیانی حیزبایەتی لاواز کرابوو.
یەکێتی پێش و پاش کۆنگرە خرابووە ناو گێژاوی موزیادەی سیاسی و بەرزکردنەوەی دروشمی کاڵفامی و تێکدانی پەیوەندیە سیاسییەکان.
یەکێتی پێش و پاش کۆنگرە کەوتبووە لمۆز چەورکردنی کاسەلێسەکان، سەیارەیان بۆ دەکردڕا و شوقەیان بۆ دابین دەکرا و مانگانە سەفتە دۆلاریان پێ دەبەخشرا.

یەکێتی پێش و پاش کۆنگرە فەرمانگە و پۆست و بازاڕی تەنیبوو لە گەندەڵی و ئەرز داگیرکردن و سەرانە سەندن و قاچاخچێتی.
یەکێتی پێش و پاش کۆنگرە ژیانی حیزبایەتی کردبووە قوربانی هەلپەرستی و پلەو پۆستی ناشایستە بۆ خەڵكی نا شایستە.
بەو دۆخە سیاسی و ئابوری و حوکومڕانی و حیزبایەتیەی لە سەرەوە باسمان کردن، زەمینەی سازدانی چوارەمین کۆنگرە لەژێر دروشمی نوێ بونەوە سازدا !

ئەو پیلانگێڕیە، زۆربەی سەرکردە و تەکتەلوکاتی یەکێتی و دەزگای زانیاری، بەشدار بوون لە داڕشتنیا.
ئێستا بەشێکی ئەو پیلان گێڕانە وەلاخراوون. بەڵام بەشی زۆریشی ماوون و سەرگەرمی بادانەوە و هەڵواسینی وێنەی نوێن (نەك نوێ بونەوە) .

لە ناو ئەمانەی هێشتا لە ناو یەکێتیدا زۆرن تەراتێنی هەلپەرستی دەکەن، تازە تازە خەبەریان بۆتەوە و باسی گەندەڵی و حوکمڕانی مافیای تلیاك فرۆشان و رزگارکردنی سلێمانی لەو باندانە دەکەن. ئەمە لە کاتێکدا ئەمانە خۆشیان لەوانە بون و دەستیش لە باند بازی هەڵناگرن.
پێمان وایە هەڵوێست وەرگرتن پێش روداو دەبێتە نەخشی مێژوو.. نەك دوای روداوەکان. ئەوانەی ئێستا هەڵوێست وەردەگرن، لە پێش و لەناو کۆنگرەو لە دوای کۆنگرەش دژی ئەو تێکۆشەرانە بوون کە هەڵوێستیان هەبوو. تەنانەت سەدان لەو خاوەن هەڵوێستانە ئێستا دوورن لە پلەو پایە.

ئەرشیفی سەرکردە بی هەڵوێستەکان و هەلپەرستەکانی یەکێتی لە فەیسبوکدا پارێزراوە.. کە ئەمانە نەك دژی گەندەڵی نەبوون بەڵکو پاساوی بێ لەزەت بێ لەزەتیشیان بۆ گەندەڵی و مافیاکان دەهێنایەوە. دەیان فەرموو: لە دوای کۆنگرەوە یەکێتی بۆتەوە بە یەکێتی راستەقینە و سەرکردایەتی یەکگرتوومان هەیە. خۆشیان وا پشان دەدا کە گوایە سەربەخۆیی یەکێتی دەپارێزن و هاوسەنگی بەدی دێنن !'

ئەوانەی پێش کۆنگرە بەرامبەر گەندەڵی و مافیاکان دەستی گەندەڵیان لەسەر کڵاوی پۆست توند گرتبوو هەتا بای رۆژگار نەیبات.. ئەمانە شەرمە دوای رووداوەکان سنگی هەڵوێست دەرپەڕێنن و باسی مافیا و تلیاك و گەندەڵی بکەن.

خۆ ئەوانەی لەناو کۆنگرەشدا هاو پیلان بوون و یەکێتیان گەیاندە ئەم هەڵدێرە ترسناکە.. هەق وایە ئەمانە پەلە نەکەن و  هیچ نەبێ لەم قۆناغەدا ماوەیەك لە پیلان گێڕان بکەوون و چاوەڕێ بکەن بزانن سەرەنجامی بڕیارەکان دەگەنە کوێ. خۆ یەکێتی هێشتا نوقمی گەندەڵی و گیر و گرفت و فاك و فیکی هەلپەرستەکانە.

ئەوانەی لە دوای کۆنگرەشەوە، هیلاك بوون لە ماستاو کرن ئەمانە تەنانەت دوا کەسیش نین دوای بادانەوە ((هیچ !)) بە کڵاویان بپێورێ. چونکە ئەمانیش قارەمانی گەندەڵی و بازرگانی سیاسەتن. چونکە هەڵوێستی دوای بادانەوەی ئەمان، بەبێ ئەوەی رەخنە لە کۆی هەڵەکانی رابردوویان بگرن، بە بێ ئەوەی کۆی سیاسەتی دوای کۆنگرە بگۆڕدرێ، وەکو ئەوە وایە لەسەر سەرە نوێلك چادرێکی جوان هەڵبدەن.
ئەوەی پێشتریش بە شان و باهۆی هاوسەرۆك لاهوری هەڵی دەداو ئێستا بایدەدا هیچ نەبێ لەبەردەم وێنەی خۆیان و لاهوردا شەرم دایان بگرێ و بایی ئەوەی تیا بێڵنەوە، لاهور بەبێ ئەوەی شایستە بن.. پێشی خستوون و بە تەکەتول بۆ ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبەکان لەسەر حسابی تێکۆشەرە شایستەکان بەرزی کردونەتەوە.

بێگومان ئەگەر بێت و دوای هەر گۆڕانکاریەك کە بڕیارە بێتە پێشەوە، گوێ لەم لادەر و بادەرانە بگیرێ، بە دڵنیاییەوە دۆخی قۆناغی ئێستای یەکێتی باشتر نابێ لە قۆناغی چوارەمین کۆنگرە. ئەگەر گۆڕانکاری ڕاستەقینەش نەیەتەدی، هەر ئەم هەلپەرستانە باڤڵ تاڵەبانیش بە دەردەکەی لاهوری شێخ جەنگی دەبەن.


PM:11:27:27/07/2021