لە کۆی ١٩٠٠ پلە باڵای خانەنشینکراو ٧١٥ یان هیچ ئەوەلیاتێکی نییە

جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت" لە هەموو هەرێمی كوردستاندا ١٩٠٠ كەس بە پلەی باڵا خانەنشین كراون و تا ئێستا دۆسیەی ١٤١٨ كەس یەكلا كراونەتەوە، لەو ژمارەیە ٧١٥ كەس هیچ ئەوەلیاتێكی فەرمییان نەبووە و دەركەوتووە بە نایاسایی خانەنشین كراون".

سەعید هەركی، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا وەك لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ یەكلاكردنەوە و وردبینیكرن لە دۆسیەی مووچەی پلە باڵاكان (وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، ڕاوێژكارەكان، ئەندامانی پەرلەمان)، بۆ ئەوەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداردا كۆبووینەوە".

هەركی دەشڵێت  "خۆشبەختانە ئەوەی تا ئێستا كراوە ئەنجامی دڵخۆشكەر هەبووە و توانیمان بگەینە دەرەنجامێكی ڕوون، بۆ نموونە، وردبینی لەسەر 80 فایل كراوە و تەنها 33 كەس پلەی حەقیقیی وەزیریان هەیە، 168 كەس بە بریكاری وەزیر خانەنشین كراون. هەروەها وردبینی لە فایلی 148 كەس كراوە و دەركەوتووە تەنها 67 كەس پلەی فیعلیی بریكاری وەزیریان هەیە و 81 كەسیش  هیچ ئەوەلیاتێكیان نەبووە، بە دیاریكراویش تا ئێستا لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی 1418 كەس لە پلە باڵاكان تەواو بووە و تەنها 52 ناو ماون، كە لەم ڕۆژانەدا یەكلا دەبێتەوە".

هەروەها وتیشی "بەپێی بڕیاری 76ی ئەنجومەنی وەزیران، هەر كەسێك بە پلەی نایاسایی خانەنشین كرابێت و ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو پلەیەیان نەبینبێت، لێیان وەردەگیرێتەوە و مووچەكانییان ڕادەگیرێت، بێگومان ڕەنگە لە یەك تا دوو مانگی داهاتووشدا تەواوی ئەو مووچانە ڕابگیرێن، چونكە هێشتا وردبینكردن لە ناوەكان بەردەوامە".

ڕاشیگەیاند، هەر بەپێی بەدواداچوونەكانی ئەوان، ئەو مووچەیەی كە مانگانە بۆ پلە باڵاكان خەرج كراوە، نزیكەی 4 ملیار دینار بووە، بۆیە  ئەگەر پرۆژەی چاكسازی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، بۆ هەر مانگێك دوو ملیار و هەروەها كۆی ساڵانەش 24 ملیار بۆ سەرەوە بۆ خەزینەی حكوومەت دەگەڕێتەوە.



PM:10:11:28/07/2021