فەرمانگەی میدیا و زانیاری هێرشێکی توند دەکاتە سەر ماڵپەڕی رووداو


فەرمانگەی میدیاو زانیاری کە سەر بە حکومەتی هەرێم و سەرۆکەکەیەتی مەسرور بارزانی لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵێک، هێرشێکی توند دەکاتە سەر کەناڵی رووداوی نزیک نێچیرڤان بارزانی و بە چەواشەکار ناوزەدی دەکەن.
 
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاشیگەیاند " ئەمڕۆ لە سایتی تۆڕی میدیای ڕووداودا هەواڵێک لەبارەی بە کرێدانی هەندێ نەمامگەی حکومی بڵاوکراوەتەوە کە ئاوێتەی چەواشەکاری کراوە و دەستەواژەی نابەجێ و ناپرۆفیشنالانەیان تێدا بەکارهێناوە".

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە "ئەم هەواڵە کە گوایە لەبارەی لێدوانی حیزبێک دارێژراوە هەر لە مانشێتەکەیەوە بە مەبەستی بەلاڕێدا بردنی رای گشتی بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم سازکراوە و لە ناونیشانی هەواڵەکەدا بەکرێدانی نەمامگە بە خیانەتی نیشتیمانی پێناسەکراوە. هەم بۆ ئەو کەناڵە، و هەم بۆ ئەو حیزبە روونی دەکەینەوە کە بەکارهێنان و بە کرێدانی موڵکی میری زۆر باو و یاساییە و لە بەرامبەردا بەکارهێنانی دەستەواژەی خیانەتی نیشتیمانی تۆمەتێکی قورسە و پێویستە ئامەدەبن بەرپرسیاریەتی ئەم تۆمەتهەڵبەستنانە هەڵگرن".

هەروەها دەڵێ "حکوومەت بەردەوام دەبێت لە چاکسازی و رێگری کردن لە گەندەڵی و گەڕاندنەوەی ئەو هەموو موڵک و ماڵە گشتیەی بە هەدەر دراون. بێگومان کەسانێک بە پڕۆسەی چاکسازی سەغلەتن و هەوڵی ئەو جۆرە چەواشەکارییانە دەدەن، بەڵام هەموو ئەم هەوڵانە لە بەرامبەر ئیرادەی چاکسازیدا مایەپوچ دەردەچن".

ناکۆکیەکی سیاسی لە نێوان نێچرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە نهێنی و ئاشکرا بەردەوامەو زۆرجار لە رێگای میدیاکانەوە ناڕاستەوخۆ هێرشدەکەنە سەر یەکتر.


PM:10:45:28/07/2021