ئەبوبەکر هەڵەدنی داوا لە لیژنەی فەتوا دەکات فەتوا بۆ گەڕانەوەی سامانی گشتی لە بەرپرسان دەربکەن


ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی فەتواکانی لیژنەی باڵای فەتواوە داوایان لێدەکات لەو بارەوە فتوایەکیش بدەن تا هەندێک لەداهاتی خەڵک بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

لە نامەیەکدا کە بۆ لیژنەی فەتوای ناردووە، ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت" تکایە وەڵامی ئەم پرسیارەم بدەنەوەو فتوایەکی لەسەر دەربکەن؟ ئایا گەنج ومێردمنداڵێکی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان دەکرێت خاوەنی ملیۆنەها دۆلار ودامەزراوە بێت،،لەکاتێکدا باوکی ئەوان سیاسین وکاری سیاسەت دەکەن نەک کاسبی وبازرگانی".

لە درێژەی نامەکەیەدا ئەبوبەکر هەڵەدنی دەڵێت " بڕۆن بەڕێزتان بپرسن لەوەزارەتی دارایی وبزانن بەقانون موچەی پلە باڵاکان لەهەرێم چەندە هەر لەوەزیر وپەرلەمانتارو سەرۆکی حکومەت وسەرۆکی هەرێم وجێگرەکانیان وپلە دارە سەربازیەکان وخانەنشیانی سەربازی ...
ئایا بەو موچەیە کەس منداڵ ونەوەی پێ دەبێتە ملیۆنێر وملیاردێری دۆلار !؟".

ئەو پەرلەمانتارە داوا لە لیژنەی باڵای فەتوا دەکات " لەسەر بنەمای شەرعی (من این لك هژا)بەڵکو لەو بارەوە فتوایەکیش بدەن تا هەندێک لەداهاتی خەڵک بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی".

ئەوە لە کاتێکدایە کە لیژنەی باڵای فەتوا ناوبەناو فەتوای کۆمەڵایەتی دەردەکات و لە دوا فەتواشدا لەسەر خۆ جوانکردنی ژنان و پیاون فەتوایەکی دەرکرد و بە حەرام ناو زەدیکرد.



PM:12:54:31/07/2021