لاهوری شێخ جەنگی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو ئامادەیە دەستبەرداری پۆستەکەی بێت و وەک ئەندام کەرتێک کاربکات.
ئەمرۆ سێ شەممە لەکاتی گردبوونەوەی لەبەردەم ماڵەکەی لە گردی سەرچنار لە سلێمانی، لە کاتی قسەکردنیدا بۆ لایەنگرانی، لاهور جەنگی رایگەیاند " ئەگەر كێشەكە ئەوە، ئەوا ملی لە موو باریكترە و ئێستاش دەرفەت ماوە كێشەكانی ناو یەكێتی چارەسەر بكرێت و ئەگەر كێشە پۆستەكەی ئەوبێت ئامادەیە دەستبەرداری ببێت".
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" لەوەتەی بووم بەهاوسەرۆك كەلەبچە كراوم، ئەوە ئەمە نەكەیت، ئەوە نەڵێیت.. بۆیە دڵگران مەبن و ئەگەر من پێویست بكات لە پێناو یەكێتی لەپێناو ئاوكردن بەو ئاگرە ئەوە لاریم نییە پۆستەكەم لەدەست بدەم بەڵام من هەر یەكێتیم و ئەندام كەرتیش بم هەر یەكێتیم".
لاهورجەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی "هەوڵ دەدەین ئەم هەفتەیە هەندێك شت بە شێوەیەكی تەندروست كۆتایی پێ بهێنین و بەلای منەوە پلە و پۆست گرنگ نییە و دەستی بەستووم".
هەر ئەمڕۆ داوایەکی یاسایی لەسەر لاهور جەنگی تۆمار کرا بە تۆمەتی داڵدەدانی تاوانباران و سەرانە سەندن لە خەڵک و قاچاخچێتی و ترسان و خەڵک رفاندن، دادوەری لێکۆڵینەوەی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردن و قەدەغەی گەشتی دەرەوەی بۆ ناوبراو دەرکرد.
بەرامبەر ئەوەش، لاهور جەنگی داوایەکی یاسایی دژی بافڵ تاڵەبانی بەتۆمەتی ناوزڕاندن تۆمار کرد.