" سپی " زانیاری ورد لەبارەی بڕیاری ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەرامبەر لاهور جەنگی بڵاودەکاتەوە

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی کۆبووەوە، بە بێ بەشداری لاهور جەنگی و سێ ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە لایەنگری ناوبراون. کۆبوونەوەکە بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان دەرکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە " تۆمەتی دەرمانخواردن " ی بافڵ تاڵەبانی لەلایەن لاهور جەنگیەوە.

لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیدا کە ئەمرۆ پێنج شەممە لە سلێمانی سازکرا، هەریەک لە د. میران محەمەد، سۆران جەمال تاهیر، رزگار عەلی کە نزیکن لە لاهور جەنگیەوە، بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار دراوە کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ " تۆمەتی دەرمانخواردن کردنی " بافڵ تاڵەبانی پێکبهێنرێت، لیژنەکە بە سەرۆکایەتی رەفعەت عەبدولآ ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و، ئەندامێتی تەلار لەتیف، لێپرسراوی ناوەندی كاروباری یاسایی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئەژی ئەمین بەرپرسی دەزگای زانیاری پێکددهێنرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، ئەو لیژنەیە دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات لە دۆسیەی دەرمانخواردنکردنەکە و هەموو لایەنەکانی کێشەکە. زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی ئەو لیژنەیە رەتدەکاتەوەو، پێیوایە کە لیژنەکە سەربەخۆ نییەو لایەنگری بافڵ تاڵەبانین.

 ئەمڕۆ پێنج شەممە بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی، كۆبووەوە و لەدوای کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە چەند تەوەرێکی بواری حزبی و هەڵبژاردنەکان لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێکران، لەوانە گفتوگۆ لەسەر چارەسەری بەپەلەی گرفتە ناوخۆییە حزبییەکان و دیاریکردنی رێوشوێنی دروست بۆیان، هەروەها لە راگەیاندنەکەدا جەخت کراوەتەوە یەکێتی ئارامی و ھێمنی ھەرێمی کوردستان بە شاری سلێمانیشەوە دەپارێزێت. 




AM:12:13:05/08/2021