پارتى لەبارەی "سیناریۆى" کێشەکانى نێو یەکێتى هەڵوێستی فەرمی خۆی ڕاگەیاند

ئەندامێکى مەکتەبی سیاسی پارتی رایدەگەیەنێت" سیناریۆى کێشەکانى ناو یەکێتى ئێمە نەماننوسیوە و ئێستا زەمینەکە لەبارترە بۆ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە داهاتوودا". 

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وەزیری پێشووتری دەرەوە و دارایی عێراق لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو حیزبە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی رووداو ڕایگەیاند" ئەمە کێشەیەکی نێوخۆی یەکێتییە، پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە، بەڵام بەڕاستی لە دوای دروستبوونی ئەو کێشە نیوخۆییانە، ئێمە بێلایەن بووینە". 
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی هەندێکجار تۆمەتبار دەکرێن بەوەی لە بنەڕەتدا سیناریۆیەکە پارتی نووسیویەتی، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵیت" نەخێر، ئێمە هەرگیز نە سیناریۆیەکەمان نووسیوە، نە دەستوەردانمان کردووە، بە پێچەوانەوە لە ماوەی دروستبوونی ئەو کێشەیە هەموو لایەنەکان تەقدیری هەڵوێستی ئێمە دەکەن". 
 
 زێباری لە درێژەی لێدوانەکەیدا ڕوونیشیکردەوە، کە ئەمە کێشەی نێوخۆیە و خۆیان بڕیاری خۆیان دەدەن، بەپێی بنەماکانی نێو یەکێتی، حەز دەکەین بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر ببێت، چونکە نە لە بەرژەوەندی هەرێم و نە لە بەرژەوەندی سلێمانییە، نە لە بەرژەوەندی ئێمەیە وەکو پارتی، چەند زووتر بتوانن زاڵ بن لەسەر ئەمە ناوماڵی خۆیان رێکبخەن، بە دڵنیاییەوە بەپێی تەوافوقی خۆیان.
  
جەختیشیکردەوە، زەمینەکە لەبارترە بۆ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە داهاتوودا، ئاراستەکە بەرەو ئەوەیە، نە ئێمە بە تەنیا، نە ئەوانیش بە تەنیا زۆر دەستکەوت بە دەست ناهێنین، بەڵام هەر یەکێک ئێستا بەرژەوەندی خۆی لە پێشە، هەر یەکێک داخلی پابەندی و هاوپەیمانی دەبێت.


AM:09:30:05/08/2021