شاناز ئیبراهیم: بەڵێ بافڵ ژەهراوی کراوە، نە ئەبوایە لەم سەدەیەدا ژەهرخواردووکردنی ئامۆزاکەت بکەیت


ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایدەگەیەنێت" بەڵێ بافڵ ژەهراوی کراوە، وە ئەوەش کارێکی زۆر زۆر ناشرین بوو، نە ئەبوایە هەرگیز هیچ کەسێک لەم سەدەیەدا لە ساڵی 2021 دا پەنا بەرێتە بەر ئەو شێوازی لەناوبردنی ڕکابەرەکەی یان براکەی یان ئامۆزاکەی یان هاوسەرۆکەکەی خۆی، ئەوە کارێکی زۆر زۆر نا بەجێ بوو".

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەبارەی کاریگەری دوور خستنەوەی لاهور جەنگی و کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن،  دەڵێت "  لە ڕووی مەنتقەوە دەبوایە وەها بوایە، بەڵام من چی بکەم ئەو برادەرە پێش هەڵبژاردنەکان هەوڵی لەناوبردنی هاوسەرۆکەکەی تری دا، ئەبوایە تۆزێک ڕابوەستایە تا دوای هەڵبژاردن".

ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕی کە خووشکی هێرۆ ئیبراهیمە، دەڵێت " لە ڕاستیدا ئەوەی کە ڕوویداوە من ناتوانم بڵێم کە کێشەیەکی خانەوادەییە، چونکە ئەو کێشەیە پەیوەندی بە دوو کەسایەتی ئەم هەرێمەوە هەیە، کە دوو کەسایەتی گشتین وە هەردووکیشیان هاوسەرۆکی حزبێکن کە ئەیخاتە چوارچێوەی کێشەیەکی حزبییەوە، ڕاستە هەر هەموومان ئومێدێکی زۆر زۆرمان هەبوو یەکێتی کە دروشمەکەمان نوێبوونەوەی یەکێتی بووە، وە لەو کاتەشەوە کە دەستمان کردووە بە ئیش لە دوای کۆنگرەوە بە دەیان لیژان دانراون. من ئەوەندەی لە خەیاڵمدا بێت تاوەکو ئێستا27 لیژنەم حساب کردووە کە ئەم لیژنانە دانراون بۆ ئەو چاکسازییەی کە ئێمە وەکو حزب بڕیارماندابوو بیکەین لە ناو حزبەکەدا، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەوەشدا کە لیژنەکان ئیش و کارەکانی خۆیان جێبەجێ دەکرد و پێشنیارەکانی خۆیان بەرز دەکردەوە ئەگەیشتە شوێنێک و ئەچەقی، بۆیە ئەم کێشانەی کە ڕوویانداوە بە ڕاستی هەر وەکو وتم کێشەی حزبین. ڕاستە ئەو دوو کەسە خزمی یەکتری بوونە کە لەو ڕووەوە ئەکرێت تۆ بڵێیت خراوەتە چوارچێوەی عائیلەوییەوە، وە بە ڕەئی من هەر لە سەرەتاوە هەڵەبوو کە بە ناوی کێشەی عائیلەوی ناوی لێبنرێت چونکە کێشەکە زیاتر پەیوەندی بە حزبەکەمانەوە هەبوو".

لەبارەی مەترسی ئەم گۆڕانکاریانەو هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆوە لەگەڵ پەکەکە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت" نەخێر بە هیچ شێوەیەک، چونکە ئەو بڕیارە، بڕیاری تەحریمکردن و تەجریمکردنی شەڕی کورد و کورد لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە ئیمزاکراوە، بە لاچوونی من یان بە لاچوونی لاهور یان بە لاجوونی هیچ کەسێک ئەو بڕیارە ناگۆڕێت، ئەوە بڕیارێکی تەواو حزبییە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو بڕیارەی داوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ئەسڵ و ئەساسی نیـیە، ئەو بڕیارانە بڕیاری شەخس نەبوون، بەڵکو بڕیاری خودی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە".



AM:09:28:06/08/2021