هۆکاری نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە ئاشکراکرا

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت" لە هەشت مانگی رابردوودا دەبووایە بەغدا یەک ترلیۆن و ٦٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تەنیا ٢٠٠ ملیاری ناردووە". 
 
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" کێشەی جێبەجێکردنی بودجە و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانیش کەوتە کاتێکەوە کە بانگەشەی هەڵبژاردنە، لەبەر بانگەشە هەموو لایەنەکان بیر لە زیادکردنی دەنگەکانیان دەکەنەوە، ئەو گوشارەی سەر حکومەتی عێراق بۆ نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستانیش، سیاسییە نەک یاسایی، ئەگەر مەسەلە یاسایی بێت، ئەوە بووە بە یاسا و رەزامەندی لەسەر دراوە".
    
بەشیر حەداد باسی لەوەشکرد، لە هەشت مانگی رابردوودا دەبوو بەغدا بڕی یەک ترلیۆن و ٦٠٠ ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردبا، بەڵام تەنیا ٢٠٠ ملیاری ناردووە، بەپێی یاسای بودجە و بڕیاری حکومەتی عێراق خۆی، بەغدا یەک ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار قەرزاری هەرێمی کوردستانە.
 
سەبارەت بەو لایەنانەی بەربەست لە بەردەم ناردنی پشکی هەرێمی کوردستاندا دروستدەکەن و حەداد وتی" ئەو لایەنانەن کە درۆن و رۆکێت دەنێرنە سەر هەرێمی کوردستان، هەر ئەوانەن گوشار دروستدەکەن بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان نەنێردرێت، بۆیە من پێموایە لەسەر ئەو پرسە رێککەوتن ناکرێ، دەکرێ لەگەڵ ئەو لایەنانە گفتوگۆ بکرێ کە دەتوانن گوشار دروستبکەن".


PM:02:25:15/08/2021