وتەبێژی تاڵیبان: وەکو دوژمن هەڵسوکەوت لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک ناکەین

وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایدەگەیەنێت" هیچ لایەنێک بە دوژمنی خۆمان نازانین و وەکو دوژمن هەڵسوکەوت لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک ناکەین".

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئیمارەتی ئیسلامی لە پاش سەربەخۆیی بەدوای تەسفیە حسابەوە نییە لەگەڵ كەس، هیچ جەنگێكمان ناوێ لە ئەفغانستان و لەبەر رۆشنایی رێنمایی سەركردەی تالیبانیش لێبوردنی گشتیمان دەركردووە بۆ سەرجەم خەڵك تەنانەت بۆ ئەوانەی لەگەڵ هێزەكانی ئەمەریكاش كاریان كردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، تۆڵە لە هیچ کەس و لایەنێک ناکەینەوە، لەمڕۆوە هیچ لایەنێک بە دوژمنی خۆمان نازانین و وەکو دوژمن هەڵسوکەوت لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک ناکەین.

لەبارەی ڕۆڵی میدیاوە وتەبێژەکەی بزوتنەوەی تاڵیبان داوای لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن کرد کە لە كاری خۆیان بەردەوام بن و ڕێز لە ئیسلام بگرن كە بەهای گەلی ئەفغانە و ئێمەش گوێ لە ڕەخنەی ئەوان دەگرین.  

لەبارەی مافەکانی ژنانەوە باسی لەوەکرد، ژیانی ژنان و ئازادییەکانیان لە ئەفغانستان پارێزراو دەبێت، بەڵام لە چوارچێوەی بنەما ئیسلامیەکاندا، دڵنیایی دەدەینە جیهان کە ئێمە نامانەوێت زیان بە هیچ کەسێک بگەیەنین. 


PM:06:34:17/08/2021