دادگای گەرمیان بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ چەکدارێکی بیانی داعش دەرکرد

دادگای تاوانەكانی كەركوك-گەرمیان بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ تاوانبارێك دەركرد كە خەڵكی ئۆزپەكستانە و لە ساڵی ٢٠١٤ دەستگیركراوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، چەکدارێکی داعش کە لەدایکبوی ساڵی ١٩٨٩ی ئۆزبەکستانە، لە ١٤ی تەمموزی ٢٠١٤ و لەکاتێکدایە سەرقاڵی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکرا بووە، بەبرینداری لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی گەرمیان لە قەرەتەپە دەستگیرکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو چەکدارە سەرەتا لە رەققە لەگەڵ داعش کاریکردووە و دواتر بۆ ئەنجامدانی کردەوەی خۆکوژی هاتووەتە موسڵ و دواتریش بۆ سنوری پارێزگای دیالە گوازراوەتەوە، ئەو چەکدارە بەهۆی تاوانەکانی کەبوونەتە هۆی شەهید و برینداربوونی چەندین کەس و دوای دەستگیرکردنی رووبەڕووی دادگا کرایەوە.

ئاسایشی گەرمیان باسی لەوەشکردووە، دوای چەندین دانیشتنی دادگای تاوانەكانی كەركوك / گەرمیان رۆژی سێشەممە بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ئەو چەکدارە دەرچووە.


PM:03:07:18/08/2021