حاکم لەتیف مستەفا: لاهور جەنگی بە ١٠ لاندگرۆزی پڕ چەکەوە چۆتە بەردەم دادگا

دادوەر شێخ لەتیف مستەفا دەڵێت" ئەمڕۆ لاهور جەنگی بە ١٠ لاندگرۆزی پڕ چەک و حمایەوە چۆتە بەردەم دادگا، دادوەر چۆن دەتوانێ بڕیارێکی ئازادانە بدات ".

حاکم لەتیف مستەفا، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق لە پۆستێکدا نووسیوویەتی" ئەمەی ئەمڕۆش لەو گرتە ڤیدیۆیەی بلاو بۆتەوە ھەرخۆم ١٠ لاندکرۆزی ئاخر مۆدێلی پڕچەک و حیمایەم دی ،چ جۆرە ئامادە بونێکە لەبەردەم دادگا؟ دادوەر چۆن دەتوانێ بریارێکی ئازادانە بدات وەک ئەوەی بەرامبەر کەسی ئاسایی دەیدات ؟".

لەتیف مستەفا لە نووسینەکەیدا باسی ئەو دادوەرانە دەکات کە پێشتر لاهور جەنگیان داوەتە  دادگا دواتر هەموویان وەک سزا بەبێ هۆ گواستراونەتەوەو دەڵێت" ھەر بەرێزتان لەسالی٢٠١٤ لەسەر گرتن و ئازاردانی خۆپیشاندەران فەرمانی دەسگیرکردنتان لەلایەن دادوەری لێکۆلینەوەی سلێمانی بۆ دەرچوو لەگەل بەرێوەبەری ئاسایشی ئەوسای سلێمانی، مەفروز بوو وەک ئەمجارە بێن و وتە بدەن ئیتر ئەوکات دادوەر بریاری لەسەر چارەوستان دەدا، ئەگەریش بریارەکەتان بەدل نەبوایە دەشیا تانەی لێ بدەن بەلام ئێوە ھیچتان ئامادە نەبوون بێن وتەکانتان بدەن ، تانەتان لەبریارەکەداو دادگای تاوانەکانی سلێمانی بەزۆرینەی بریاری دوو دادوەر  و سەرپێچی دادوەرێک بریارەکەی پشتڕاستکردەوە، ئینجا ھاتن وتەتان داو دواییش دۆسیەکە داخرا".

لە درێژەی ئەم رووداوەدا لەسەر لاهور جەنگی، لەتیف مستەفا دەڵێت" ئەزانی دوای سێ ساڵ دادوەری لێکۆلینەوەکە بەبیانوی ھیچەوە گوسترایەوە بۆ دەرەوەی شارو دادوەرەکەی دادگای تاوانەکانی سلێمانیش کەلەگەل داخستنی کەیسەکە نەبوو، بەبێ رەزامەندی و پرسکردن بەخۆی وەک نەفی کردنێک نێردرا بۆ بەغدا لەکاتێکدا دادوەرێکی زۆر باش و بێلایەن و خاوەن ویژدان و خاوەن رابردوی پاک و تەنانەت وەک مافی دەنگ دان دەنگدەری یەکێتیش بوو".

دەقی نووسینەکە..
   
ھیچ کاربەدەستێکی کورد لەگەل سەربەخۆیی دادوەریدا نییە

سەرەتا دەمەوێ بلێم بەھیچ شێوەیەک نامەوێ ئەم نوسینە وا لێک بدرێتەوە کە لەقازانجی لایەکە دژی لایەک لەو ململانێیەی لەسەر دەسەلات و پارە لەنێوان ھەردوو ھاوسەرۆکانی یەکێتیدا ھەیە ، بەتایبەتی نامەوێ لە ئێستادا قسە لەسەر لایەنی « بێھێزتر لەروی دەسەلاتەوە» بکەم ، کاتێک لەوپەڕی دەسەلاتو پارەدەداری و دەورەدراو بوە بەھێزی چەکدارو  پیاوی زۆر ، قسەم لەسەری کردوەو رەخنەم لێگرتوە، وەک نمونەی تەرخان کردنی مەلایین دۆلار بۆ دروستکردنی یاریگاو بێ ئەوەی دەسەلاتی سەرفکردنی یاسایی ھەبێ ، یان دەسگیرکردنی مێردمندالێکی کفری لەسەر پۆستێکی فەیسبووک لەلایەن دژە تیرۆرەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک بەسەرپێچی یاسا,
بەلام لەبەر ئەوەی پەیوەندی بە باسکردنی سەربەخۆیی دەسەلاتی دادوەریەوە ھەیە بە پێویستم زانی لەسەری بدوێم.

ھاوسەرۆکی یەکێتی دەلێت کە بڕوامان بەپەنابردنە بەر دادگا ھەیە بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان و لەگەل سەربەخۆیی و بێ لایەنی دادگاداین، بەلام بەداخەوە ھیچ کاربەدەستێکی کورد نە لەرابردوو نەلەئێستادا لەو کاتانەی لەدەسەلات و پێگەی بەھێزدا بوەن باوەڕیان بەسەربەخۆیی و بێلایەنی دادگا و سەروەری یاسا نەبوەو بە مل ھوڕی و ھێز کاریان کردوەو بەکەیفی خۆیان چیان ویستوە کردویانە،  ئەوەش ھۆکاری سەرەکی نەبوونی کورد بوە بەھیچ لە رابردودا کە لەئێستاشدا دوبارە دەبێتەوە.

بەلام کاتێک دەبنە ئۆپۆزسیۆن یان لەناو خۆیاندا کێشەیان دەبێ وانیشان دەدەن کە لەگەل سەربەخۆیی  دادگاو سەروەری یاسان.
ھەر بەرێزتان لەسالی٢٠١٤ لەسەر گرتن و ئازاردانی خۆپیشاندەران فەرمانی دەسگیرکردنتان لەلایەن دادوەری لێکۆلینەوەی سلێمانی بۆ دەرچوو لەگەل بەرێوەبەری ئاسایشی ئەوسای سلێمانی، مەفروز بوو وەک ئەمجارە بێن و وتە بدەن ئیتر ئەوکات دادوەر بریاری لەسەر چارەوستان دەدا، ئەگەریش بریارەکەتان بەدل نەبوایە دەشیا تانەی لێ بدەن بەلام ئێوە ھیچتان ئامادە نەبوون بێن وتەکانتان بدەن ، تانەتان لەبریارەکەداو دادگای تاوانەکانی سلێمانی بەزۆرینەی بریاری دوو دادوەر  و سەرپێچی دادوەرێک بریارەکەی پشتڕاستکردەوە، ئینجا ھاتن وتەتان داو دواییش دۆسیەکە داخرا.

ئەزانی دوای سێ ساڵ دادوەری لێکۆلینەوەکە بەبیانوی ھیچەوە گوسترایەوە بۆ دەرەوەی شارو دادوەرەکەی دادگای تاوانەکانی سلێمانیش کەلەگەل داخستنی کەیسەکە نەبوو، بەبێ رەزامەندی و پرسکردن بەخۆی وەک نەفی کردنێک نێردرا بۆ بەغدا لەکاتێکدا دادوەرێکی زۆر باش و بێلایەن و خاوەن ویژدان و خاوەن رابردوی پاک و تەنانەت وەک مافی دەنگ دان دەنگدەری یەکێتیش بوو.

ئەمەی ئەمڕۆش لەو گرتە ڤیدیۆیەی بلاو بۆتەوە ھەرخۆم ١٠ لاندکرۆزی ئاخر مۆدێلی پڕچەک و حیمایەم دی ،چ جۆرە ئامادە بونێکە لەبەردەم دادگا؟ دادوەر چۆن دەتوانێ بریارێکی ئازادانە بدات وەک ئەوەی بەرامبەر کەسی ئاسایی دەیدات ؟ 

من نازانم ئەم کێشەیەی ئێوە چی بەسەردێ و دەگاتە کوێ بەلام ھیوادارم ئەگەر چویتەوە پێگەو دەسەلات ئەوکات بەفیعلی باوەرت بە سەربەخۆیی دادگا ھەبێت و ماستاو چی و بەرژەوەندی خوازەکان کە دوبارە دەورت دەگرنەوە جارێکی تر ھەمان میکانیزمی کارکردنی پێشوتان پێ دوبارە نەکەنەوە.



PM:11:18:18/08/2021