قوباد تاڵەبانی: بێ پشتیوانی کەرتی تایبەت ناتوانین کوردستان پێشبخەین

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" دەکرێت کەموکورتییەکانی حکومەت بە کەرتی تایبەت پڕبکرێنەوە و بێ پشتیوانی کەرتی تایبەت ناتوانین کوردستان پێشبخەین". 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە لە میانی بەشداری کردنی لە پانێڵێکی پرۆژەی (TechFest) بۆ کێبڕکێی تەکنەلۆجیا رایگەیاند" کاری حکومەت ئەوەیە سیاسەت دابڕێژێت و دۆخێک بڕەخسێنێت کە ئابورییەکی بەهێز و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری هەبێت، بۆمان دەرکەوتووە کە حکومەت هەموو شتێکی بۆ ناکرێت، هەموان رەخنە و گلەییمان هەیە لە حکومەت بە خۆشمەوە کە خۆم حکومەتم".

جەختیشیکردەوە، کە بێ پشتیوانی کەرتی تایبەت ناتوانین کوردستان پێشبخەن و کەموکورتییەکانی حکومەت دەکرێت بە کەرتی تایبەت پڕبکرێنەوە.

جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێم کارمەندێکی یەکجاری زۆری هەیە و ملیۆنێک و ٢٥٠ هەزار کەس موچە لە حکومەت وەردەگرن، ٧٥٠ هەزار فەرمانبەر هەیە بە مەدەنی و سەربازی، بۆیە توانای حکومەت بۆ وەرگرتنی دەیان هەزاری تر کەمە. 

باسی لەوەشکرد، دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنانیان شۆڕکردووەتەوە بۆ پارێزگاکان و رێکارەکانی تۆمارکردنی کۆمپانیا نوێیەکان ئاسانتر دەکەن. 

قوباد تاڵەبانی ئاشکراشیکرد، لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە ٨٦٠ مۆڵەتی وەبەرهێنانیان داوەتە کۆمپانیاکان کە ٤٨ هەزار هەلی کاری رەخساندووە.


PM:12:29:21/08/2021