پارتی لەسەر جوڵاندنی هێز بۆسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند

وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی لەبارەی جوڵاندنی هێز بۆسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ شەڕ و ئاژاوە و جوڵاندنی هێزدا نین". 

فارس نەوڕۆڵی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی لە لێدوانێکدا بە سایتی (ناس کورد)ی ڕاگەیاند" لە سەرەتای کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتییەوە ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە وەک پارتی هیچ پەیوەندییەکمان بەو کێشانەوە نییە و دەستوەردانی تێدا ناکەین". 

ڕوونیشیکردەوە، وەک پارتی نەک داوای ئەوەمان نەکردووە، بەڵکو بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ جوڵاندنی هێز و شەڕ و ئاژاوە نین. 

بەرپرسەکەی پارتی لە سلێمانی جەختیشیکردەوە، ئەو دەنگۆیانەی بلاودەکرێنەوە سەرجەمیان دوورن لە ڕاستییەوە و زۆرینەی لە پەیجە سێبەرەکانەوە بەمەبەست بڵاودەکرێنەوە و هیچ پەیوەندیمان پێیانەوە نییە.

دوێنێ دووشەممە هێزێکی ئەمنی لە نزیک ماڵی لاهور شێخ جەنگی لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی جێگیرکران و تائێستاش هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە. 


AM:12:01:24/08/2021