بۆ رێگریكردن لە گرانبوونی نرخی نان و سەمون ژمارەیەک پێشنیاری نوێ ئاراستەی حكومەت دەكرێت

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" ژماره‌یه‌ك پێشنیاز و رێگاچاره‌سه‌رمان به‌مه‌به‌ستی رێگریكردن له‌ نرخی نان و سه‌مون ئاراسته‌ی حكومه‌ت كردوه‌". 

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات" بۆ ڕێگریکردن لە گرانبوونی نرخی نان و سەمون  کە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لەم نرخە جێگیرەدایە، لیژنەی وزەو سامانەسروشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانی چەند ڕێگاچارەو پێشنیارێکی ئاراستەی حکومەت و لایە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ ڕێگیرکردن لە گرانبونی نرخی نان و سەمون". 

عەلی حەمە ساڵح جەختی کردووەتەوە کە" پاش گفتوگۆش لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، بڕیارە ھەفتەی ئایندە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت کۆببنەوەو بڕیاری پێویستی لێبدەن".  

چاره‌سه‌ر و پێشنیازه‌كان: 

یەکەم: یەکێک لە گازندەکانی نانەواخانەکان گرانبوونی نرخی غازی بازرگانییە، وەک سەرۆکی لیژنە قسەم لەگەڵ کۆمپانیای ساوس کوردستان کرد، پێشنیارمان کرد بەشێوەیەکی تایبەت نرخی بتڵێک غاز بۆ سەرجەم نانەواخانەکانی کوردستان بکرێتە پێنج ھەزار دینار لەم سەری مانگەوە جێبەجێبکرێت، بە سوپاسەوە پێشنیارەکەمان قبوڵکرا، لەگەڵ ئیدارە خۆجێیەکان و میکانیزمی گونجاوی بۆ دەگیرێتەبەر، کارگەیەکی غاز تایبەت بکرێت بۆ دابینکردنی غاز بۆ نانەواکان.  

دووەم: کرێی کارەبا لەسەر نانەواخانەو سەمونخانەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوەو وەک نرخی کارگە گەورەکانەو نرخی یەک یەکەی کارەبا ١٥٧ دینارە، پێشنیارمان کردوە کەم بکرێتەوەو وەک ماڵان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. 

سێیەم: گومرگی تەنێک ئارد بوە بە ٣٢ دۆلار، پێشنیارمانکردوە یان گومرگ لەسەر ئارد لاببرێت یان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە.  


AM:12:01:26/08/2021