بایدن لەبارەی تەقینەوەکانی کابوولی پایتەختی ئەفغانستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکی ئەمریکا لەسەر تەقینەوەکانی کابوولی پایتەختی ئەفغانستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" پێویست بکات هێزی زیاتر رەوانەی فڕۆکەخانەی کابوڵ دەکەین". 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەیانی ئەمڕۆ هەینی لە کۆشکی سپی لەبارەی تەقینەوەکانی ئەفغانستان وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند" بۆ ئەوانەی کە ئەم هێرشەیان ئەنجامداوە و هەروەها بۆ هەرکەسێك کە خوازیاری زیانگەیاندنە بە ئەمریکا، دەڵێم، لەکەس خۆشنابین، دەتانگرین و سزاشتان دەدەین".

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی" ئەو ئەمریکییانەی کە گیانیان لەدەستدا، ئەوانە قارەمانن کە ژیانیان تێکەڵ بە مەترسییەکان کرد تاوەکو ژیانی ئەوانەی دیکە بپارێزن".

ئاماژەی بەوەشکرد، توانیومانە زیاتر لە ١٠٠ هەزار ئەمریکی و ئەفغانی لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە بگوازینەوە و لە هەوڵەکانمان بۆ گواستنەوەی ئەوانەی ماون بەردەوام دەبین.

بایدن لە بەشێکی تری پێشکەشکردنی وتارەکەیدا جەختیشیکردەوە، ئەگەر پێویست بکات هێزی زیاتریش دەنێرین بۆ فڕۆکەخانە کابول، بەڵام سوپای ئەمریکا پێیان راگەیاندووم کە ئەرکی بردنە دەرەوەی خەڵک بەردەوام دەبێت، تاوەکو لەکاتی دیاریکراودا زۆرترین خەڵک لە ئەفغانستان ببرێنە دەرەوە. 


AM:09:36:27/08/2021