لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان، پارتی داوایەک لە سەرجەم لایەن و قەوارەکان دەکات

لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتەبێژی پارتی داوایەک لە سەرجەم لایەن و قەوارەکان دەکات و دەڵێت" هانیان دەدەین بۆ بەشداریکردنیان لە پرۆسەکە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی عێراق". 

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە ڕوانگەی هەست بە بەرپرسیاریەتی و بەخەمەوە بونمان بۆ سەقامگیری و ئاڵۆزتر نەبونی بارودوخی عێڕاق و، خستنە سەر رێچکەیەکی دروست و تەندروستی پرۆسەی سیاسی بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبوەکان، پێش دو هەفتە لە پەیامێکی فەرمیماندا داوامان لە بەڕێزانی رەوتی سەدر و چەند لایەنێکی دیکە کرد کە بە بڕیاری بەشداری نەکردنیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بچنەوە و، لەو پرۆسەیەدا بەشداری بکەن بەو مەبەستەی هەمو لایەک پێکەوە قوڕسایی راستکردنەوە و چاکسازی و چارەسەری کێشەکانی عێراق بگرینە ئەستۆ".

دەشڵێت" دوای پێداچونەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی سەید موقتەدا سەدر رایگەیاند، کە وەکو رەوتی سەدر بەشداری لەپرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن، ئەم بڕیارەیان خزمەت دەگەیەنێ بە بەرژەوەندییە گشتییەکان و، هێمنانەتر بەڕێوەچونی پرۆسەکە". 

وتەبێژی پارتی باسی لەوەشکردووە، دوبارە داوا لە تەواوی ئەو حزب و قەوارە سیاسی و کەسایەتیانەی دیکە دەکەینەوە کە بە بڕیاری بەشدارینەکردن و پاشەکشەکردنیان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بچنەوە و، هانیان دەدەین بۆ بەشداریکردنیان لە پرۆسەکە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی عێراق. 


PM:03:11:28/08/2021