بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر لەسەر قسەی پەرلەمانتارێكی گۆڕان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر لەسەر قسەی پەرلەمانتارێكی گۆڕان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت" پێشتر چەند کەسێکی ناپەربرس پێگەکەیان بەکارهێناوە بۆ مامەڵەکردن بە پارچە زەوییەوە". 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەمەبەست بێت یاخوود بە ھەڵەداچون بێت لە نوسینێکدا پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان باس لەوەدەکات کە ھێزی دژەتیرۆر لە شاری سلێمانی بە نایاسایی زەوی داگیرکردوە، وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر بەرێزیان و سەرجەم ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی ئاگاداردەکەینەوە کە ئەم بابەتە ھیچ پەیوەندی بە ھێزی دژەتیرۆرەوە نەبوە و لەلایەن چەند کەسانێکی نابەرپرس ئەنجامدراوە کە پێگەو دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکارھێناوە بەناوی ھێزی دژەتیرۆرەوە مامەڵەیان بەوزەویانەوە کردوە". 

ئاماژە بەوەشکراوە" پێشتریش ئێمە ئەم باسەمان خستۆتە ڕوو ، داواشمان لە لایەنی پەیوەندیدار کردوە بۆ بەدواداچوون لەوبارەیەوە". 

باسی لەوەشکردووە، وەک بەرێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هەرچی زووە بەدواداچوونی وورد و لێکۆڵینەوەی جدی سەبارەت بەو پرسە و چەندین بابەتی هەستیاری گرنگی دیکە ئەنجام بدات کە ناوی دەزگاکەمان بەکارهێنراوە و ئەنجامەکەی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بخاتە ڕوو. 

دژەتیرۆر لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا داواشی لە پەرلەمانتاران کردووە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و ناوی هێزەکانی دژەتیرۆر بۆ مەبەستی سیاسی و لێدان بەکارنەهێنن، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر.


PM:12:10:31/08/2021