وادەی دەستپێکردنی کەشوهەوای پایزە و نەمانی گەرما ئاشکرا کرا

شارەزایەکی کەشناسی هەرێم پێشبینی دەکات، کە سبەینێ تاوەکو ١١ی مانگ پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە، بەڵام لەدوای ئەو بەروارەوە کەش و هەوای پاییزە دەستپێدەکات.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە ئاماژەی بەوەکردووە" سبەی دووشەمە لە ئەنجامی کەمێک لاوازبوونی کاریگەری بارستە ھەوای فێنکی ئەوروپا لەسەر ناوچەکانمان پلەکانی گەرما بەرێژەی ١ تا ٢ پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە و بەم شێوەیە دەبێت لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم ( سلێمانی ٣٨ پلە، ھەولێر ٣٩ پلە، دھۆک ٣٧ پلە، ھەڵەبجە ٣٨ پلە ، کەرکوک ٤٠ پلە ) هەروەها لەناوچەکانی گەرمیان لە نێوان ٤٢ تا ٤٣ پلەی سیلیزی دەبێت". 

ئاراس جەبار باسی لەوەشکردوە، لە رۆژانی ٧ و ٨ و ٩ ی مانگدا بەرزبوونەوەیەکی کەم لە پلەکانی گەرما روودەداتەوە بەتایبەت لەناوچەکانی گەرمیان تا سنوری نێوان ٤٤ بۆ ٤٥ پلەی سیلیزی پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە، لەناوچەکانی دیکەی ھەرێم و سەنتەری پارێزگاکاندا کاریگەرییەکی کەمی دەبێت تا سنوری نێوان ٣٩ بۆ ٤١ پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە. 

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا  ئەوەشی خستەڕوو، دووبارە پێشبینی دەکرێت قۆناغێکی دیکەی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لەسەرەتای ھەفتەی داهاتووەوە لە ١١-٩-٢٠٢١ دەستپێبکاتەوە بەم شێوەیەش لەرووی کەشوھەواوە کەشی ھاوینەی کۆتایی پێدێت و کەشی پایزە لەناوچەکەدا دەستپێدەکات و شەوانیش کەش سارد دەبێت.


PM:07:15:05/09/2021