وەزارەتی پەروەردەی هەرێم سێ بڕیاری بەپەلەی دەرکرد

لە نوسراوێکدا وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لەبارەی کەم کردنەوەی رۆتین و بەڕێوەچوونی کاری هاوڵاتییان سێ بڕیاری بەپەلەی بڵاوکردەوە. 

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوسراوێکدا کە واژووی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی لەسەرە و ئاڕاستەی سەرجەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکان کراوە، ئاماژە بەوەکراوە" دەبێت بەشێوەیەکی خێرا و لە هەموو ئاستەکانی بەرپرسیارێتیدا مامەڵەی هاوڵاتییان راییبکرێت و بەشی سکاڵای ئەلیکترۆنی بۆ هاوڵاتییانیش دابیندەکرێت". 

دەقی بڕیارەکان:   

یەکەم: لە ھەمو ئاستەکانی بەرپرسیارێتی و فەرمانبەرێتی، پێویستە دامەزراوە پەروەردەییەکان و ناوەندەکانی خوێندن، بەشێوەیەکی خێرا و بێ ھیچ دواکەوتنێک کاروباری ھاوڵاتییان و سەردانیکاران لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان بەڕێ بکەن. ئەو کارەی کە یاسا و رێنمایی ڕێگەی پێداوە، دەبێت بە زوترین کات ئەنجام بدرێت. ھەرکارێکیش روبەڕوتان ببێتەوە لەدەرەوەی یاسا و رێنمایی، نابێت سەردانیکار بێ وەڵام بێت. دەبێت بەشێوازێکی کارگێڕی دروست وەڵام بدرێتەوە.

دوەم: دەبێت بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری پەروەردە و بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، دەوام بەجێنەھێڵن تا دوا نووسراو واژووی لەسەر دەکرێت، لە رۆژانی دەوام.

سێیەم: وەزارەت بەشی سکاڵای ئەلیکترۆنی ھەیە، کە ژمارەکانی دیارە و ھەر سکاڵایەک بگاتە وەزارەت لەسەر دواکەوتنی مامەڵەی ھاوڵاتییان یان شێوازی مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ سەردانیکارانی دامەزراوە پەروەردەییەکان و ناوەندەکانی خوێندن لەڕێگەی (بەڕێوەبەرایەتیی بەدواداچون و بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی لە دیوانی وەزارەت) بەدواداچوونی جددی لەسەر دەکرێت. پاش بەدواداچون فەرمانبەری کەمتەرخەم لەھەر ئاستێکی بەرپرسیارێتی بێت (تایبەت - ئاسایی) پارێزراو نابێت لە لیژنەی لێکۆڵینەوە و سزای کارگێڕی بەگوێرەی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ساڵی 1991ی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.


PM:03:20:07/09/2021