تاڵیبان دوای ٢٠ رۆژ لە گرتنی کابول کابینەی حکومەتەکەی راگەیاند

ئەمڕۆ سێ شەممە ٧ ی ئەیلول دوای ٢٠ رۆژ لە کۆنترۆڵکردنی کابول لەلایەن تاڵیبانەوە، ئەو هێزە کابینەی حکومەتەکەی راگەیاند.
وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان پێکهاتەی حکومەتی نوێی ئەفغانستانی راگەیاند و ئاشکرای کرد کە مەلا محەمەد حەسەن وەک سەرۆک وەزیران و عەبدولغەنی بەرادەر وەک جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کاتی دیاریکران.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" حکومەتەکەمان کاربەڕێکەر دەبێت و لەلایەن مەلا محەمەد حەسەن وەک سەرۆک وەزیران و عەبدولغەنی بەرادەر وەک جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوە دەبردرێت".

ناوی وەزیرەکانیشی بەم شێوە راگەیاند: محەمەد یەعقوب موجاهید وەک وەزیری بەرگری بەوەکالەت، مەلا عەبدولحەق واپق وەک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەفغانستان، ئەسەدەدین حەقانیش دەبێتە وەزیری ناوخۆ لە حکومەتی کاتی ئەفغانستان، ئەمیرخان مەتقی وەک وەزیری دەرەوەی  لە حکومەتی کاتی ئەفغانستاندا دیاریکراوە.

زەبیحوڵا موجاهید جەختی کردەوە کە بزوتنەوەی تاڵیبان هیچ جیاکارییەک لەنێوان هۆز و پێکهاتەکانی ئەفغانستادا ناکات و رێگەش نادەین وڵات بۆ سەردەمی شەڕ بگەڕێتەوە، هەروەها هەوڵ دەدەین هەمو پێکهاتەکانی گەلەکەمان نوێنەرایەتییان هەبێت لە حکومەتی داهاتودا.

رۆژی ١٥  ئاب دوای شکستی حکومەتی پشتبەستوو بە ئەمەریکا چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان توانیان بچنە نێو کۆشکی کۆماریی ئەفغانستان و دەستیان بەسەردا گرت، دوو رۆژە لەمەوبەر هەرێمی بنجشێریشیان کۆنترۆڵکردو دەستیان گرت بەسەر سەرتاسەری ئەفغانستاندا.



PM:07:03:07/09/2021