ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و کونسوڵى گشتى نوێى بەریتانیا لە هەرێم ئاشکراکرا

بەیانی ئەمڕۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە دەیڤد هەنت کونسوڵى گشتی نوێى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان کرد و پشتیوانی لەندەن بۆ هەرێم کرایەوە.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە دەیڤد هەنت کونسولى گشتیى نوێى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان کرد، لە دیدارێکدا نێچیرڤان بارزانى هەموو پشتگیرییەکیشى بۆ سەرخستنى کار و ئەرکەکانى نیشاندا، هەردوولا جەختیان لەسەر برەودان بە پەیوەندیى دوقۆڵى و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى نێوان هەرێمى کوردستان و شانشینى یەکگرتو کردەوە.

لەراگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کونسوڵى گشتی بریتانیا ڕونیکردەوە کە پلان و بەرنامەیەکى چڕى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیە و لەگەڵ تیمەکەى کارى لەسەر دەکات.

هەروەها کونسوڵى گشتی بەریتانیا پابەندیى شانشینى یەکگرتوى بە بەردەوامیى پشتگیرى و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان و عێراق دوپاتکردەوە و ستایشى هاریکارى و هەماهەنگیى وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لەگەڵ وەزارەتى بەرگریى بریتانیا کرد.


PM:12:21:12/09/2021