لاهوری شێخ جەنگی دەردەکەوێتەوە
لەگەڵ ئەندامانی یەکێتی کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ چوار شەممە لە شاری سلێمانی لاهور جەنگی لەگەڵ ژمارەیەک  ئەندام و کادر و لایەنگرانی یەکێتیی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و شارەزوور و چەند ناوچەیەکی تری هەرێمی کوردستان کۆبووەوەو، رایگەیاندووە"  هەوڵەکانمان لەو پێناوە بووە کە باڵانسی هێز لە هەرێمی کوردستان ڕێک بکەینەوە و ڕێگە لە تاکڕەویی سیاسی و هەڵە کوشندەکان بگرین".

دوای نزیکەی هەفتەیەک لە نەبوونی چالاکی و دەرکەوتنی، جارێکی تر ئەمڕۆ لە واڵی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکیتی بڵاویکردەوە" لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا ئاماژەمان بەو هەوڵ و هەنگاوانە کرد کە لە ڕابردوودا ناومانە بۆ ئەوەی یەکێتیی بگەڕێنینەوە سەر شاڕێی ڕاستەقینەی سیاسیی خۆی، ڕامانگەیاند؛ هەوڵەکانمان لەو پێناوە بووە کە باڵانسی هێز لە هەرێمی کوردستان ڕێک بکەینەوە و ڕێگە لە تاکڕەویی سیاسی و هەڵە کوشندەکان بگرین و چاکسازیی ڕاستەقینە ئەنجام بدەین".

لەو پۆستەدا هاتووشە " لە کۆبوونەوەکەدا جەختیشیمان کردەوە کە یەکێتیی بە شانازییەوە ئاڕاستەکەی ڕووە و بەغدا بووە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دەستوورەوە هەموو مافەکانی میللەتەکەمان بە دەستبهێنین، لە دوای کۆنگرەش کارمان بۆ ئەوە کردووە کە هاوپەیمانییەکی فراوان لە نێو زۆرینەی لایەنە کوردستانییەکان درووست بکەین بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردندا زۆرترین کورسیی پارلەمان بە دەستبهێنین، بەڵام بەداخەوە ئەو کارەساتەی کە ڕوویدا یەکێتییەکان چاوەڕوانیان نەدەکرد بە تایبەت لەم کاتەدا کە نەیارانمان پێی دڵخۆشبوون بۆ ئەوەی ئەو بەرنامەیەی دامان نابوو بۆ هەڵبژاردن سەرکەوتوو نەبین تیایدا".

 

لاهور جەنگی لەبارەی دۆخی ناوخۆی حزبەکەیەوە دەڵێت " من خۆم بە خاوەنی یەکێتیی ڕاستەقینە دەزانم و هەرواش دەمێنمەوە، بێدەنگیی من بۆ ئەوە بوو کە یەکڕیزیی یەکێتیی بپارێزم، قسەی خۆشم لە دوای هەڵبژاردنەکان دەکەم و ڕێگری دەکەم لەوەی کە ئیرادەی یەکێتیی تەسلیم بە نەیارەکانمان بکرێت. سوپاسی پشتیوانی و پەرۆشی ئەو دڵسۆزانەم کرد کە لە خەمی حزبەکەیاندان، بەڵێنم پێدان کە یەکێتیی لە لێکترازان دەپارێزم."



PM:10:19:15/09/2021