مەڵبەندی سلێمانی: سەردەمی دوای لاهور جەنگی دەبێتە قۆناغی بووژانەوە

مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەڵامی لاهور جەنگی دەداتەوەو دەڵێن" سەردەمی دوای لاهور جەنگی دەبێتە قۆناغی بووژانەوە".

لە راگەیاندنراوێکدا مەڵبەندی یەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەڵامی قسەکانی دوێنێی لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی دەداتەوەو دەڵێت " زیاتر لە دوو مانگ بە سەر هەنگاوەکانی چاکسازی لە ناوخۆی یەکێتی تێپەڕ دەبێت و لەو ماوە کورتەدا بەرهەمی چاکسازییەکانی دوای هەشتی تەمووز دەرکەوتوون، کە خۆیان لە گەڕانەوەی ئارامی، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کاری نایاسایی، کەمبوونەوەی تاوان و سەرانە وەرگرتن، سەروەربوونی یاسا و بووژانەوەی خزمەتگوزاری و پرۆژەکان دەبینێتەوە".

مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی کە "هەموو ئەو ئاماژە سەرەتاییانە وێنای پاشەڕۆژێکی گەشتر بۆ یەکێتی و دەڤەرەکە دەکەن و بەڵگەن لەسەر ئەوەی سەردەمی دوای لاهور شێخ جەنگی، دەبێتە قۆناغی بووژانەوە و هەستانەوەی یەکێتی و گەشانەوەی زیاتری ناوچەکە".

دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکی لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لەگەڵ ژمارەیەک لە کادیرانی شارەزووری یەکێتی، ئۆباڵی کێشەکانی نێو یەکێتی خستەسەرشانی بەرامبەرەکەی، بافڵ تاڵەبانی و، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە گەندەڵی لە دەروازەکان و دەروازەی باشماخ لە جاران زیاترەو سەرمایەداران لە دۆخێکی نا ئارامدان.



PM:04:49:16/09/2021