پەکەکە لەبارەی کوژرانی کادیرێکیان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەکەکە رایدەگەیەنێت" یاسین بوڵوت ناسراو بە (شوکری سەرحەد)، ئەندامی كۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەكەكە، لەبەردەم ماڵەکەی لە سلێمانی لەلان توركیاوە بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کرا". 

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە، كەمێك لەمەوبەر راگەیەندراوێكی بەپەلەی بۆ رایگشتی سەبارەت بە "تیرۆركردن"ی یاسین بوڵوت، بڵاوكردەوە و دەڵێت" 
رێکخستنی کۆنترای دەوڵەتی تورک فاشیستی (میت)و کۆنتراکانی نۆکەری سەر بە میت، ماوەی دو ڕۆژە لە شاری سلێمانی باشوری کوردستان هێرش دەکەنە سەر نیشتمانپەروەرانی باکوری کوردستان و هەڤاڵانمان، هاوڕێمان یاسین بولوت (شوکر و سەرحەت) بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەردەم ماڵەکەی لە شاری سلێمانی، بە شێوەیەکی دڕندانە شەهیدکرا، هاوڕێمان یاسین بولوت بەیانی ئەمڕۆ ماڵەکەی بەجێهێشت بۆ ئەوەی بچێتە نەخۆشخانە، لەم کاتەدا کۆنترایەکی تورک لە پشتەوە لێی نزیک بوەوە، تەقەی لێکرد و شەهید بوو". 

كۆمپتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کوشتارە دڕندانەیە نەک هەر هێرشکردنە سەر ئێمە، بەڵکو هێرشکردنە بۆ سەر هەمو خەڵکی باشور و سەقامگیریی سلێمانی، رۆژێک بەر لە شەهیدكردنی ئەو ئەندامەمان هەمان هێز لە شوێنی کارەکەی هێرشیان کردە سەر نیشتمانپەروەری کورد فەرهات بارش کۆند و کە پەنابەرێکی سیاسی باکورە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە" ئەم دوو ڕوداوە بە دوای یەک نیشانی دەدات کە ئەردۆغانی فاشیست و میتی تورک بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو دەستیان بە زنجیرەیەک کوشتار و کۆمەڵکوژی سیاسی کردوە. میتی تورک زۆر بە ئاسانی و ئازادانە تیرۆری دەوڵەت ئەنجام دەدات". 

پەكەكە جەختی كردۆتەوە كە، پێش هەموو شتێک پێویستە حکومەتی باشور و بەرپرسانی ناوچەی سلێمانی دەستبەجێ راگەیەنراوی بەپەلە بڵاوبکەنەوەو ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر، ئەم هێرشە دڕندانەیە دژی گەلەکەمانە لە سلێمانی، دژی سەقامگیری و ئاسایشی ئەم شارەیە.

پەكەكە داواش لە خەڵك و حزب و لایەنەكان دەکات لەوبارەیەوە هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن و خاوەنداری لە شەهید یاسین بوڵوت بكەن و هەڵوێستیان هەبێت.


PM:01:06:17/09/2021