شاناز ئیبراهیم بۆ هێزە ئەمنییەکان: بکوژانی (شوکری سەرحەد) ڕاپێچی دادگا بکەن

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد راگەیەندراوێکی لەبارەی کوژرانی بەرپرسەکەی پەکەکە لە شاری سلێمانی بڵاوکردەوە و داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات کە" بکوژانی (شوکری سەرحەد) ڕاپێچی دادگا بکەن". 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کارگێڕى مەکتەبى سیاسی و سەرپەرشتیارى مەڵبەندی ١ى رێکخستنی سلێمانی(ی.ن.ک) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەتوندی ئیدانەى هەوڵى ترسنۆکانەى تیرۆرکردنی (یاسین بولوت) ناسراو بە(شوکرى سەرحەد) دەکەم کە سەرلەبەیانی رۆژى ١٧ی ئەیلول لەشارى سلێمانی تیرۆرکرا". 

ڕاشیگەیاندووە" داواکارم هەرچی زووە لایەنە ئەمنییەکانی ئەم شارە بکەرانی ئەو رووداوە تاوانکارییە بدۆزنەوە و راپێچی دادگایان بکەن تا بەسزاى خۆیان بگەن". 

شاناز ئیبراهیم لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا ئەوەشی خستەڕوو، دەبێ ئەو دەستانە لەبنەوە ببڕێنەوە کەدەیانەوێ سلێمانی بکەنە گۆڕەپانی تەراتێن و یەکلاکردنەوەى مەرامە گڵاوەکانیان، تا هەمووان بزانن سلێمانی لانکەى بیری ئازادیی و ئازادی رادەربڕینە، و تێکۆشەران و خەباتکارانی سیاسی بەجیاوازى بیروڕایانەوە دەتوانن لەشاری هەڵمەت و قوربانی پەرە بەکاروانی خەباتی مەدەنیانەى خۆیان بدەن و پاراستنیشیان لەئەستۆی هێزە ئەمنییەکاندایە. 

یاسین بولوت، ناسراو بە شوکری سەرحەد، ئەندامی کۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەکەکە بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی درایە بەر دەستڕێژی گوللە و گیانی لەدەستدا. 


PM:11:25:17/09/2021