" سپی " زانیاری لەسەر بکوژانی کادیرەکەی پەکەکە لە سلێمانی بڵاودەکاتەوە

دوێنێ بەیانی ١٧ ی ئەیلول کادیرێکی پەکەکە لە سلێمانی کە ناوی ( یاسین بولوت ) لەگەڕەکی چوارچرا کوژرا، دەزگای زانیاری و پاراستن/ زانیاری بڵاویکردەوە کە دوو تاوانبارەکەیان دەستگیرکردووە، " سپی " زانیاری لەسەر بکوژەکان بڵاودەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە ئەو کەسانەی کە تاوانەکەیان ئەنجام داوە دوو کەس بوون و پەیوەندیان بە میتی تورکیاوە هەبووە.

دەربارەی شوناسی ئەو دوو تۆمەتبارە، زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو دوو کەسە بە رەگەز کوردن.  


هەر ئەمڕۆ ،بەرپرسی دەزگای زانیاریی و پاراستن\زانیاری، ئەژی ئەمین، ڕایگەیاند"تاوانباری تاوانەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دەستگیرکرا" کە مەبەست لێی کوژرانی بەرپرسێکی پەکەکە و هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسێکی تریانە.  


  ئەژی ئەمین لە پەیامێکدا لە ئەکاوتنی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ 18ی ئەیلول رایگەیاند" تاوانباری تاوانەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دەستگیرکرا و ڕاپێچی بەردەم یاسا کرا. بەزووترین کات بەڵگەکان و دانپێدانان دەخرێتە بەردەم ڕای گشتی." 

هەروەها دەشڵێت"ڕیسوایی بۆ تێکدەرانی ناوماڵی کورد، دەستخۆشی بۆ شێرەکوڕانی ئاسایش و دژەتیرۆر و پۆلیس".  



AM:11:08:18/09/2021