مەڵبەندی بادینان راگەیەندراوێکی لەبارەی حوکمدانی کادرێکی یەکێتی بڵاوکردەوە

مەڵبەندی چواری بادینانی یەکێتی لەسەر حوکمدانی ( مەلا نەزیر ) هەڵوێستی فەرمی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێت" ئەو بڕیارەی دادگا بڕیارێکی ناڕاستە و دورە لە بنەما یاسایی و دادوەرییەکان، چونکە کادیرەکەمان لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی لێوەرگیراوە". 

مەڵبەندی چواری بادینانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا لەبارەی حوکمدانی (مەلا نەزیر بەرواری) بەرپرسی کۆمەڵایەتی یەکێتی لە زاخۆ ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە" لە کاتێکدا دۆسیەی زیندانیانی بادینان کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتوەتەوە، ھەمووان چاوەڕوانی ئەوەبوون دادگا پێداچونەوە بە بڕیارەکانیدا بکات، بەڵام کادرێکی یەکێتی لە سنوری زاخۆ دەستگیر دەکرێت و سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت". 

باسی لەوەشکردووە، ئەو بڕیارەی دادگا بڕیارێکی ناڕاستە و دوورە لە بنەما یاسایی و دادوەرییەکان، لە ھەمانکاتدا پێویستە ھەمووان ئەوە بزانن دەزگا ئەمنییەکان لەژێر ئازاردان و ئەشکەنجەدا، دانپێدانانیان لە مەلا نەزیر و دەستگیرکراوانی تری بادینان وەرگرتووە، ئەوەش پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە.


PM:09:40:19/09/2021