جوڵانەوەیەکی سیاسی داوا لە هاوڵاتیان دەکات بچن دەنگ بە ئایندەیان بدەن


رەوتی ئایندەی نیشتمانی کە بزووتنەوەیەکی سیاسیەو لە کەسانی سەربەخۆ و ژمارەیەک لەو کەسانە پێکهاتووە کە وازیان لە گۆڕان هێناوە دوا لەخەڵک دەکەن دەنگ بە ئایندەیەکی گەشی خۆیان و نیشتمانەکەیان بدەن.

لە راگەیاندنێکدا کە دانەیەکی بۆ " سپی " نێردراوە رەوتی ئایندەی نیشتمان دەڵێن" هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز لەوانەی رابوردو فرە بازنەییە و لە کەش و هەوایەکی سیاسی ناجێگیر و ئاڵۆز لەسەر ئاستی  عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت. ناکۆکیە توندەکانی نێوان هێزە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا خەستتر بونەتەوە و دەوڵەتی عێراق لە لێواری داڕمانێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا گیرساوەتەوە، دەسەڵاتی ڕەهای میلیشیاکانی جەمسەرەکانی دەسەڵاتداران هیچ بوارێکی ئارام و دادپەروەریان بۆ گوزەرانی و کایەکانی ژیانی هاوڵاتیان نەهێشتۆتەوە. لەسەر ئاستی کوردستانیش سەرەڕای کێشە و ناکۆکیە درێژخایەنەکانی نێوان هێزەکان و خەستبونەوەیان، تەنانەت لەسەر ئاستی خودی ناوخۆی هێزەکانیش، کارنامەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چاکسازی و چارەی قەیرانەکانی موچە و بودجە و خراپی خزمەتگوزاریە بنەرەتیەکان بە نیوەچڵی  و بێ چارەی بنەرەتی ماونەتەوە".

دەقی راگەیاندنەکە..

دەنگ بە ئایندەیەکی گەشی خۆت و نیشتمانەکەت بدە
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان
بەهۆکاری قەیران و کێشە و گەندەڵبونی دۆخی حوکمرانی و سیاسی عێراق کە ناڕازی توند و خۆپیشاندانی خوێناویان لێکەوتەوە هەڵبژاردنی پێشوەخت لە مانگی ئایندە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوەدەچێت.
هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز لەوانەی رابوردو فرە بازنەییە و لە کەش و هەوایەکی سیاسی ناجێگیر و ئاڵۆز لەسەر ئاستی  عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت. ناکۆکیە توندەکانی نێوان هێزە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا خەستتر بونەتەوە و دەوڵەتی عێراق لە لێواری داڕمانێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا گیرساوەتەوە، دەسەڵاتی ڕەهای میلیشیاکانی جەمسەرەکانی دەسەڵاتداران هیچ بوارێکی ئارام و دادپەروەریان بۆ گوزەرانی و کایەکانی ژیانی هاوڵاتیان نەهێشتۆتەوە. لەسەر ئاستی کوردستانیش سەرەڕای کێشە و ناکۆکیە درێژخایەنەکانی نێوان هێزەکان و خەستبونەوەیان، تەنانەت لەسەر ئاستی خودی ناوخۆی هێزەکانیش، کارنامەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چاکسازی و چارەی قەیرانەکانی موچە و بودجە و خراپی خزمەتگوزاریە بنەرەتیەکان بە نیوەچڵی  و بێ چارەی بنەرەتی ماونەتەوە، هاوکاتیش دەسەڵاتدارانی هەرێم بەچاوپۆشی و بێدەنگی و کارئاسانکردنی مەترسیدار گڵۆپی کەسکیان بۆ نیشتەجێکردنی ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە خەڵکی ناوچە عەرەبیەکانی عێراق یان لە کوردستان هەڵکردووە، جیاواز لە شێوەی فاشیستانەی رژێمەکەی سەدام ئەمجارە بەرێگای بازرگانی و پارەو سیاسەتی ڕازیکردنی گروپە سیاسیە جیاکانی بەشی عەرەبی عێراق کە بە قازانجی تاقمە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم دەشكێنەوە. 
لەم دۆخانەدا هەڵبژاردن بەرێوەدەچێت، بێ ئومێدی دانیشتوانانی کوردستان لە دەسەڵات و بانگەشەکردن بۆ نەچون بۆ دەنگدان بونەتە هاوکێشەیەکی ئاڵۆز کە بایکۆتکردنی هەڵبژاردان بە قازانجی هێزە دەسەڵاتدارەکان دەشکێتەوە.
هاوکات بەشێکی بەرچاوی نوێنەرانی هێزەکانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق شکستیان هێناوە لەوەی نوێنەری راستەقینەی میللەت بن و لە سایەی حزب حزبێنەدا ئیدیعای نوێنەرایەتیەکی کرچ و کاڵی میللەت دەکەن.
دانیشتوانانی بەئەمەکی کوردستان،
لەم دۆخە ئاڵۆزەدا هەڵبژاردن بەرێوەدچیت، ڕەوتی ئایندەی نیشتمان (رەوا) لەو روانگایەوە کە هەڵبژاردن بە دەرفەتێکی باش دەبینێت بۆ گۆرانکاری و بەرەوپێشچونی پرۆسەی دیموکراسی و نوێنەرایەتی راستەقینەی میللەت و هەنگاونان بۆ چارەی جدی ئەو کێشانەی سەرجەم هاوڵاتیانی عێراق کە لە دوای روخاندنی رژێمی سەدام ەوە بەدەستیانەوە دەناڵێنن. 
مەخابن دەبینین هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانیش درێژەپێدەری هەمان هەنگاو و هوڵوێستەکانی پێشویانن دژ بە ناوماڵی کوردی و سەرقاڵی چنینی هاوپەیمانی و دۆستایەتین لە گەڵ نەیارە سەرسەختەکانی کورد و نێوان خۆشیان بە زمانی حزبایەتی و ناکۆکی و موزایەدەکردن هەنگاوی گوماناویان بۆ ئەو هەڵبژاردنە ناوە.
رەەوتی ئایندەی نیشتمان رەتی ئەو جۆرە رەفتار و هەڵمەتانەی هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان دەکات، هاوکاتیش ئەم هەڵبژاردنە بە دەرفەت و سەرەتایەکی گونجاو دەبینێت تا کاندیدە دڵسۆز و پاک و خاوەن رابوردویەکی بێگەر دەرفەتیان بۆ برەخسێنرێت تا ببنە دەنگی زوڵاڵی میللەتەکەیان، لەم دیدگایەوە رەوا داوا لە هاوڵاتیانی کوردستان دەکات تایبەت لە ناوچە زەوتکراوەکانی کوردستان، بە پەرۆشیەوە بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بچن و دەنگ بەو کانیدە دڵسۆز و بوێر خاوەن ئەزمونانە بدەن کە لەدەرەوەی لیستی کاندیدەکانی حیزبی دەسەڵاتدارو هاوئاوەزەکانیاندان و لەپارلەمانی عێراق لەخزمەتی گەلەکەمان دەبن، رەوا بە هەمو توانایەکیەوە پشتگیری لەو جۆرە کاندیدانە دەکات و چی بتوانێت بۆ سەرکەوتنیان دەیکات.

رەوتی ئایندەی نیشتمان (ڕەوا)
٢٢ ی سێپتمەبەری ٢٠٢١     



AM:10:01:24/09/2021