پارێزگاری هەولێر لەسەر گرانبوونی نرخی غاز ڕوونکردنەوە دەدات

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت" بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكیەوە بڕێكی كەمی غازی ماڵان دەگەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن چەند كەسانێكەوە ئەو هەلە قۆزرایەوە و نرخی غازی ماڵان بەرزبوەوە".

نوسینگەى پارێزگارى هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" دواى ئەوەى لە چەند ڕۆژى ڕابردوو بەهۆى کێشەیەکى تەکنیکى بڕێکى کەمى غازى ماڵان دەگەیشتە شارەکەمان کە نەدەتوانرا پێداویستى تەواوى هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان دابین بکات، ئەمەش وایکرد لەلایەن چەند کەسانێکەوە ئەو هەلە بقۆزرێتەوە و نرخى غازى ماڵان تا ڕادەیەک بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێ".  

ئەوەشی خستەڕوو: دڵنییاى بە هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان دەدەین لە ئێستادا بڕى پێویستى غازى ماڵان گەیشتۆتە شارەکەمان و نرخى هەر بوتڵێک غازى حکومى و تایبەت لە هەشت هەزار و پێنج سەد دینار زیاتر نییە، هەر کەس و لایەنێک لەو نرخە زیاتر غاز بفرۆشێت بەهاوڵاتییان ئەوا دووچارى ڕێکارى یاسایی دەبێتەوە و سزا دەدرێت.


PM:04:14:03/10/2021