بۆ پشتگیری لە دەستگیرکراوانی بادینان لەبەردەم دادگای شارەکانی هەرێم خۆپیشاندان دەستیپێکرد

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بەمەبەستی پیشاندانی پشتیوانی لە زیندانیانی ناوچەی بادینان، لەبەردەم دادگای شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە و ناڕەزایەتی لەلایەن چالاکوانانی مەدەنی دەستیپێکرد.

لەو چوارچێوەیەشدا لەلایەن (کەمپینی ھاودەنگی لەگەڵ زیندانیانی بادینان) لە ناوخۆ و رەوەندی كوردی لەبەیاننامەیەکدا، داوا لە چین و توێژە جیاوازەکان دەکەن، بەشداری ئەم گردبوونەوە ناڕەزایەتییە بکەن.

سەرپەرشتیارانی ئەو هەڵمەتە ئەوەشیان خستەڕوو: ڕێگا نادرێت چالاکیەکان بکرێنە شوێنێک بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن، یان بۆ مەبەستی تر بقۆزرێنەوە.

ئەوەشیان خستەڕوو: نوێنەری چەند وڵات و لایەنێكی نێودەوڵەتی لە هەندێك كۆبونەوەی تایبەتدا بە راشكاوی ئەوەیان راگەیاندووە، كە ناكرێت خەڵكی خۆتان لە ئاستی كەیسی زیندانیان بێدەنگبن، كەچی داوای هاوكاری لە ئێمە بكەن. 

هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە دادگاییکردنی چوار دەستگیرکراوی دیکەی بادینان لە دادگای هەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام بەبیانووی گواستنەوەى دوو دادوەر، دادگاییەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.


AM:10:29:04/10/2021