" یەکێتی نایەوێت پۆستی پارێزگاری سلێمانی تەسلیم بکات"

یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا ئەمرۆ ٦ ی تەموز پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە پۆستی پاریزگاری سلێمانی بە ١١ کورسیەوە دەوێت و دەنگوباسی وا بڵاودەکەنەوە "ئەگەر لایەنەکانی تر هاوپەیمانی لەگەڵ گۆڕان بکەن، ئەوا پۆستی پارێزگار تەسلیم ناکەن".
سبەی دوو شەممە ٧ ی تەموز دوا وادەی کاری سیاسی نێوان یەکێتی‌و گۆڕانە لەسەر رێککەوتن یان رێکنەکەوتن لەسەر پرسی پارێزگای سلێمانی، جیاوازیەکەشیان لەسەر کورسی پارێزگارە، گۆڕان وەک خاوەنی ١٢ کورسی و یەکێتیش بە ١١ کورسیەوە هەردووکیان داوای پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەکەن. 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەنێو لایەنەکانی تری دەرەوەی گۆڕان و یەکێتی بەسپی میدیای راگەیاند کە یەکێتی بە ئاشکرا داوای پۆستی پارێزگار دەکات و بەلایەنەکانی تری وتووە " ئەگەر پۆستی پارێزگارم پێنەدەن، ئەوا تەسلیمی ناکەم".
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی میدیا کەوتووە " ئیسلامییەکان بۆیە (تا ئێستا) دەنگ بە هیچ لایەنێکی گۆڕان و یەکێتی نادەن، چونکە ئەوان مەترسی ئەوەیان کە یەکێتی پارێزگار تەسلیم نەکات و کێشە دروست بێت". 
ئەمە لەکاتێکدایە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ١١ کورسی هەیە، گۆڕان ١٢ کورسی ، پارتی ٣ کورسی، ئیسلامییەکان ( یەکگرتوو و کۆمەڵ) ٤ کورسی، سۆسیالیست ١ کورسی، مەسیحییەکان ١ کورسی.



PM:09:22:06/07/2014